خەندان-
محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا و ناوبراوی بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی بەمەبەستی گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات، سەردانی ئەبوزەبی بکات.
باسیان لە پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەبوزەبی و چۆنیەتی گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کرد
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات ئەنجامدا و تیایدا هەردولا باسیان لە پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەبوزەبی و چۆنیەتی گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کردوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراقی بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی سەردانی ئەبوزەبی بکات
ئەوەش هاتوە، سەرۆکی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتو، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی سەردانی ئەبوزەبی بکات بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر برەودانی زیاتر بە هەماهەنگی دولایەنە و گەشەپێدانی هاوبەشی نێوان هەردو وڵات.
لە نزیکترین دەرفەتی گونجاودا سەردانی ئیمارات دەکەم
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردوە، بۆ ئەو بانگهێشتنامەیە سوپاسی سەرۆکی ئیمارات دەکات و جەختیش دەکاتەوە لەسەر پێداگری عێراق لە هاوبەشی زیاتری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەڵێنی ئەوەش دەدات لە نزیکترین دەرفەتی گونجاودا سەردانی ئیمارات بکات.