خەندان-
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، واشنتن نیگەرانە لە بەردەوامی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و داواش دەکات هەردولا کێشەکانیان لەرێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارەسەر بکەن، بەتایبەت ئەو کێشانەی پەیوەستن بە سەرچاوە سروشتییەوەکانەوە کە پێویست دەکات بەشێوەیەکی هەمیشەیی و بەرەزامەندی هەردولا چارەسەر بکرێن.
دەرفەتێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
مایکڵ مکۆڵ، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئەمڕۆ لە نامەیەکیدا بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوەشکردوە، پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، دەرفەتێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرەوپێشچونی زیاتر لە سەرجەم بوارەکانی عێراقدا.
پێویستە بەغدا و هەرێمی کوردستان پابەندبن بە پێکەوەکارکردن
ئەوەشی خستوەتەڕو، پێویستە بەغدا و هەرێمی کوردستان پابەندبن بە پێکەوەکارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان کە ماوەیەکی دورودرێژە بەردەوامی هەیە، بەتایبەتی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە سەرچاوە سروشتییەوەکانەوە کە پێویست دەکات بەشێوەیەکی هەمیشەیی و بەرەزامەندی هەردولا چارەسەر بکرێن.
نیگەرانم لە بڕیارەکەی ئەم دوایەی دادگای فیدڕاڵی عێراق
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، نیگەرانە لە بڕیارەکەی ئەم دوایەی دادگای فیدڕاڵی عێراق کە تازەبونەوەی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای بەدواداهات، ئەوەش مانای وایە ئەو ناکۆکییە دەستورییە لەسەر بودجەی فیدڕاڵی و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان چارەسەرنەکراوە و متمانەش لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی لەژێر هەڕەشەدایە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە هاوڵاتیانی عێراق بەگشتی روبەڕوی چەندین ئاستەنگی و دۆخی سەختی ژیان بونەتەوە.