خهندان-
كۆشكی سهرۆكایهتی روسیا (کرێملین) ئهمڕۆ هەینی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لەوەدەکەن ویلیام بێرنزی، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی ڕێککەوتنێکی نهێنی ئاشتی پێشکەش بە مۆسکۆ کردوە کە بریتی بوە لە تەسلیمکردنی خاکی ئۆکرانیا بە ڕوسیا و بە "ساختە" ناوی بردوە.
هەروەها واشنتن ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە، کە ڕۆژنامەیهكی سویسری بڵاویکردەوە و باسی لهوهكردوه، ویلیام بێرنزی، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی مانگی ڕابردو بە نهێنی گەشتێکی بۆ مۆسکۆ کردوە بۆ ئەوەی پلانەکە بخاتەڕو.
ئۆکرانیا دەستبەرداری 20%ی خاکەکەی بێت؟
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بەڕێوەبەری سی ئای ئەی گەشتێکی بۆ مۆسکۆ کردوە یان پلانێکی خستوەتەڕو، کە ئۆکرانیا دەستبەرداری 20%ی خاکەکەی بێت، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، "ئەم ڕاپۆرتە بە تەواوی درۆیە".
بەڕێوەبەری سی ئای ئەی بە "نهێنی" گەشتێکی بۆ کیێڤ کردوە
مانگی ڕابردو ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوە ئاگادارەکانی دیکەوە ڕایگەیاند، کە بەڕێوەبەری سی ئای ئەی بە "نهێنی" گەشتێکی بۆ کیێڤ کردوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، وتویهتی، "بێرنز گەشتێکی کرد بۆ کیێڤ، لەوێ لەگەڵ هاوتاکانی لە هەواڵگری ئۆکرانیا و هەروەها سەرۆک زیلێنسکی کۆبوەوە و جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانیمان بۆ ئۆکرانیا و بەرگرییەکەی لە بەرامبەر دەستدرێژی ڕوسیا کردەوە".
ئەو بەرپرسە ئامادەنەبو وادەی سەردانەکەی ئاشکرا بکات
ئەو بەرپرسە ئامادەنەبو وادەی سەردانەکەی ئاشکرا بکات، رۆژنامەی واشنتن پۆست کە بۆ یەکەمجار هەواڵەکەی بڵاوکردەوە، بڵاویکردەوە سەردانەکە سەرەتای هەفتەکە بوە.
بێرنز کورتەیەکی لە چاوەڕوانییەکانی خۆی لەبارەی پلانە سەربازییەکانی داهاتوی ڕوسیا داوته ئۆكرانیا
لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، بێرنز کورتەیەکی لە چاوەڕوانییەکانی خۆی لەبارەی پلانە سەربازییەکانی داهاتوی ڕوسیا داوته ئۆكرانیا، هەروەها ڕایگەیاندوە، هەروەها دان بەوەدا دەنێت کە لە قۆناغێکدا بەدەستهێنانی هاوکارییەکانی ئەمریکا قورستر دەبێت.
باسیان لەوە کردوە کە ئۆکرانیا تا چەند دەتوانێت چاوەڕوانی بەردەوامیی هاوکارییەکانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا بکات
ڕۆژنامەکە بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکان بڵاویکردەوە، زێلێنسکی و بەرپرسانی باڵای هەواڵگری ئۆکرانیا لەمیانی کۆبونەوەکەدا باسیان لەوە کردوە کە تا چەند دەتوانێت چاوەڕوانی بەردەوامیی هاوکارییەکانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا بکات، دوای ئەوەی کۆمارییەکان زۆرینەیەکی سادەیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی ئەمەریکا بەدەستهێنا.
زلێنسکی و یاریدەدەرەکانی بەو بڕوایە هاتونەتە دەرەوە کە پشتیوانی واشنتن بۆ کیێڤ هێشتا بەهێزە
ڕۆژنامەکە رونیكردوهتهوه، کە زلێنسکی و یاریدەدەرەکانی بەو بڕوایە هاتونەتە دەرەوە کە پشتیوانی واشنتن بۆ کیێڤ هێشتا بەهێزە.
پێشبینی هەواڵگری ئەمریکا
دوێنێ پێنجشەممە، بەڕێوەبەری دەزگای سی ئای ئەی پێشبینییەکانی خۆی سەبارەت بە ڕەوتی شەڕی ئۆکرانیا ئاشکرا کرد.
بێرنز لە چالاکییەکی سیاسەتی دەرەوەدا لە زانکۆی جۆرج تاون لە واشنتۆن دی سی ڕایگەیاند، سی ئای ئەی مەزەندە دەکات کە شەش مانگی داهاتو بۆ ئۆکرانیا "یەکلاکەرەوە" دەبێت لە شەڕی دژی هێزەکانی ڕوسیا.
ئەو لێدوانەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕوسیای بە کۆکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی بۆ "تۆڵەسەندنەوە" لە ئۆکرانیا و ئەوروپا تۆمەتبار کرد، کە لە بەرامبەر لەشکرکێشییەکەی ڕوسیادا پاڵپشتی کیێڤ دەکات.