خه‌ندان-
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكه‌ره ده‌رونییه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی ساڵی رابردودا زیاتر له 16 هه‌زار و 851 كه‌س به‌تۆمه‌تی بازرگانیكردن و به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون، ده‌ستیش به‌سه‌ر 500 هه‌زار تۆن مادده‌ی هۆشبه‌ر و 15 ملیۆن حه‌پی هۆشبه‌ر گیراوه.
عه‌قید بیلال سوبحی به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكه‌ره ده‌رونییه‌كان رایگه‌یاند، "له ساڵی 2022دا 16 هه‌زار و 851 تۆمه‌تبار به بازرگانیكردن و بڵاوكردنه‌وه و به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون، ده‌ستیش به‌سه‌ر 500 هه‌زار تۆن ماده‌ی هۆشبه‌ر و 15 ملیۆن حه‌بی ماده‌ی هۆشبه‌ر گیراوه".
520 تۆمه‌تبار له‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیركراون ته‌مه‌نیان له خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵیه‌وه‌یه
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "520 تۆمه‌تبار له‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیركراون ته‌مه‌نیان له خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵیه‌وه‌یه، هه‌روه‌ها 250 ژنیش له‌ناو ده‌ستگیركراوه‌كاندا هه‌ن، له‌هه‌مانكاتیشدا هاوڵاتیان ڕۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بوه له ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباره‌كان".
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق ڕۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بوه له پاڵپشتیكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان
عه‌قید بیلال سوبحی ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق ڕۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بوه له پاڵپشتیكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان، به‌و پێیه‌ی ساڵی رابردو سزای به‌سه‌ر حه‌وت هه‌زار و 989 تۆمه‌تباری بازرگانیكردن به مادده هۆشبه‌ره‌كاندا سه‌پاندوه".
ئه‌مساڵ زیاتر له هه‌زار و 400 تۆمه‌تباری به بازرگانیكردن و بڵاوكردنه‌وه و به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركران
سه‌باره‌ت به چالاكییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كانیش له مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا، عه‌قید بیلال سوبحی باسی له‌وه‌كردوه، عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری وه‌زیری ناوخۆ ڕێنمایی پته‌وی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی بازرگانیكردن به مادده هۆشبه‌ره‌كان ده‌ركرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ژماره‌یه‌ك له بازرگانانی باڵا ده‌ستگیركران، هه‌روه‌ها زیاتر له هه‌زار و 400 تۆمه‌تباری به بازرگانیكردن و بڵاوكردنه‌وه و به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركران، ده‌ستیش به‌سه‌ر 63 كیلۆگرام ماده‌ی هۆشبه‌ر و زیاتر له 500 هه‌زار حه‌بی ماده‌ی هۆشبه‌ر (كاپتاگۆن) گیراوه".