هێرشی تورکیا لە هه‌رێم مەترسی سه‌رهەڵدانی "ململانێیەکی توند"ی لێده‌كرێت

09:52 - 01/02/2023

4655جار خوێندراوەتەوە

سەربازانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان

خه‌ندان-

لە جەرگەی گوندی سەرارۆی بادینان لە هه‌رێمی كوردستان سێ بنکەی سەربازی تورکیا دروستكراون، ئەوەش بەشێکە لە دەستدرێژییەک کە ساڵی رابردو دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ی ناچارکرد دوای چەند رۆژێک لە بۆردومانکردنی سوپای توركیا، هەڵبێن، شرۆڤەکاران دەڵێن، هێرشی تورکیا لە هه‌رێم مەترسی سه‌رهەڵدانی "ململانێیەکی توند"ی لێده‌كرێت.

بنکە سەربازییەکان تەنها بەشێکن لە دەیان بنکەی سەربازی نوێ کە تورکیا لە ماوەی دو ساڵی رابردودا لەسەر خاکی عێراق دایمەزراندون، لەکاتێکدا هێرشێکی دەیان ساڵەی بۆ سەر پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) کە لە ناوچە شاخاوییە دورەدەستەکانی ئەوێدا خۆیان پەنا داوە، چڕتر دەکاتەوە.

کاتێک تورکیا بۆ یەکەمجار هاتە ناوچەکە، خێمەی بچوک و گەورەی دانا
عەبدوڕەحمان حسێن رەشید، سەرۆکی شارەوانی گوندەکە رایگەیاند، "کاتێک تورکیا بۆ یەکەمجار هاتە ناوچەکە، خێمەی بچوک و گەورەی دانا، بەڵام لە بەهاردا بە خشت و چیمەنتۆ شوێنەکانی دامەزراند".
سه‌ربازانی توركیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کامێرایان هەیە هەمو شتێک دەزانن کە روده‌دات
ئەو بە ئاژانسی رۆیتەرز-ی راگەیاندوە، "سه‌ربازانی توركیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کامێرایان هەیە، کە بەردەوام کاردەکەن، ئەوان هەمو شتێک دەزانن کە روده‌دات".
لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان كه‌متر سەرنجی جیهانی راکێشاوە
لەشکرکێشییەکانی تورکیا لەودیو سنورەوە بۆ ناو هه‌رێمی کوردستان لە ناوچەیەکی بێ دانیشتواندا بە بەراورد بە دەستدرێژیەکانی بۆ سەر سوریا یان شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی، كه‌متر سەرنجی جیهانی راکێشاوە، بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن، پەرەسەندنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هێشتا مەترسی زیادکردنی هۆکاری ناسەقامگیری زیاتر بۆ ناوچەکه‌ دروست دەکات به‌تایبه‌تی کە زلهێزە بیانییەکان بەبێ سزا دەستوەردان دەکەن.
بنکە نوێیەکانی تورکیا لە عێراق ڕوبەڕوی هێرشی بەردەوام ببنەوە، ڕەنگە تورکیا زیاتر هێرش بكات
کاربەدەستانی کورد دەڵێن، ئەگەربێت و بنکە نوێیەکانی تورکیا لە عێراق ڕوبەڕوی هێرشی بەردەوام ببنەوە، ڕەنگە تورکیا زیاتر هێرش بكات، هەروەها پەرەسەندنی بونی ئەو وڵاتە دەتوانێت بوێری بە ئێران بدات بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە عێراق لە دژی ئەو هێزانه‌ی کە تۆمەتباریان دەکات بە هۆكاری نائارامی لە ناوخۆی ئێراندا.
تورکیا تاوه‌كو ساڵی 2019، 29 شوێنی سەربازی لە عێراقدا هەبوە
جەبار یاوه‌ر، ئەمینداری گشتی پێشوی هێزی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەداوه‌، کە تورکیا تاوه‌كو ساڵی 2019، 29 شوێنی سەربازی لە عێراقدا هەبوە، بەڵام لەگەڵ هەوڵی ئەنقەرە "بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)"، ئەو ژمارەیە بەرزبوەتەوە.
ژمارەی ئێستا بە نزیکەی 87 شوێن مەزەندە دەکرێن کە زۆربەیان له‌سه‌ر سنوره‌كانن
وتیشی، "ساڵ لە دوای ساڵ ئەو کەمپ و په‌ناگه‌ سەربازییانەی تورکیا زیادیان کردوه‌، دوای ئەوەی شەڕەکانی سوپای تورکیا و پەکەکە زیادیان کرد، ژمارەی ئێستا بە نزیکەی 87 شوێن مەزەندە دەکرێن، کە زۆربەیان له‌سه‌ر سنوره‌كانن".
ئەو سەربازگه‌ و كه‌مپانه‌ زرێپۆش، تانک، تۆپی مامناوەند و قورسی تێدایه‌
جەبار یاوه‌ر کە ئێستا شرۆڤەکاری ئەمنییە لە سلێمانی، وتی، "ئەو سەربازگه‌ و كه‌مپانه‌ زرێپۆش، تانک، تۆپی مامناوەند و قورسی تێدایه‌ و رۆژانە لە رێگەی هەلیکۆپتەرەوە پێداویستییه‌كانی سه‌ربازان لەو کەمپانە دابین دەکرێن".

گوندە چۆڵەکان
بەرپرسێکی کورد کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاشکرای کرد، "ئێستا تورکیا نزیکەی 80 بنكه‌ی لە عێراق هەیە"، بەرپرسێکی دیکەی کورد باسی لەوەکردوه‌، لە ماوەی دو ساڵی رابردودا لانیکەم 50 شوێن دروستکراون و بونی تورکیا زیاتر بوه‌.

وەزارەتی بەرگری تورکیا، کاتێک داوای لێکرا لێدوان لەسەر بنکەکانی لە عێراق بدات، وتی، ئۆپەراسیۆنەکانیان لەوێ به‌پێی مادەی 51ی میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان ئه‌نجامده‌دات، کە مافی بەرگریکردن لە خۆیان دەداتە وڵاتانی ئەندامی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە لە ئەگەری هێرشەکان.
شەڕی ئێمە دژی په‌كه‌كه‌ بە هەماهەنگی و هاوکاری نزیک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بەڕێوەدەچێت
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "شەڕی ئێمە دژی په‌كه‌كه‌ لە باکوری عێراق بە هەماهەنگی و هاوکاری نزیک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بەڕێوەدەچێت".
بونی تورکیا لە هه‌رێم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردو کە سەدام حسێن رێگەی بە هێزەکانی تورکیادا 
بونی تورکیا لە هه‌رێمی كوردستان کە ناوچەكه‌ لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی حکومەتی بەغدایە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردو کە سەدام حسێن رێگەی بە هێزەکانی تورکیادا پێنج کیلۆمەتر بێنه‌ ناو وڵات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەکەکە.
لەوکاتەوە تورکیا ئامادەیییەکی بەرفراوانی هه‌یه‌ لەوانە دامەزراندنی بنکەیەکی لە بەعشیقە
لەوکاتەوە تورکیا ئامادەیییەکی بەرفراوانی هه‌یه‌، لەوانە دامەزراندنی بنکەیەکی لە بەعشیقە له‌ قوڵایی 80 کیلۆمه‌تر لە عێراقدا، کە تیایدا دەڵێت، هێزەکانی تورکیا بەشێکن لە ئەرکێکی نێودەوڵەتی بۆ راهێنان و مه‌شقپێكردنی هێزە عێراقییەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش.
بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق کاردەکات بۆ دوکەوتنەوە لە زیانە مەدەنییەکان
تورکیا رایدەگەیەنێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق کاردەکات بۆ دوکەوتنەوە لە زیانە مەدەنییەکان، به‌ڵام له‌ماوه‌ی رابردودا سه‌دان هاوڵاتی مه‌ده‌نی شه‌هیدبون و هه‌زارانیش برینداربون.
 لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2021 لانیکەم 98 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون
لە راپۆرتێکدا کە لە مانگی 9ی 2022دا لەلایەن هاوپەیمانی رێکخراوە ناحکومییەکانەوە بە ناوی "کۆتاییهێنان بە بۆردومانی سنور بەزاندن" بڵاوکرایەوە، ئاماژە به‌وه‌كراوه‌، لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2021 لانیکەم 98 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.

گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی کە ژمارەی کوژراوانی مەدەنی هاوشێوەی خستوەتەڕو، رایگەیاندوە، لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2023 هەزار و 180 گه‌ریلای پەکەکە گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
ململانێکان له‌ ساڵی 2015ەوە بوەتە هۆی ئه‌وه‌ی لانیكه‌م 800 گوند له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌كه‌یه‌وه‌ چۆڵ بكرێن
بەوتەی بەرپرسێکی حکومەتی کوردستان، ململانێکان له‌ ساڵی 2015ەوە بوەتە هۆی ئه‌وه‌ی لانیكه‌م 800 گوند له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌كه‌یه‌وه‌ چۆڵ بكرێن، له‌وكاته‌شه‌وه‌ ئاگربەستی نێوان تورکیا و پەکەکە هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، ئەوەش وایکردوە هەزاران کەس ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.
ئامانجی نوێ
جگە لە کاردانەوەی مرۆیی، بەرپرسانی کورد دەستدرێژی تورکیا بە هەڕەشە بۆ فراوانکردنی ململانێکان دەزانن، بەوپێیەی هانی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌دات بۆ بەرزکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکان لە ناوخۆی عێراق و هەروەها ئه‌نجامدانی هەنگاوی سەربازی.

تاران پێشتر بۆردومانی بنکەکانی ئەو هێزه‌ کوردیانەی کردوە کە بە تێوەگلانی لە ناڕەزایەتییەکان لە دژی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی وڵاته‌كه‌ی تۆمه‌تباریان ده‌كات، کە بوە هۆی كوژرانی سەدان کوردی ئێرانی و برینداربونی هه‌زارانی دیكه‌.
کوتلە لایەنگرەکانی ئێران لە عێراق پاساویان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی بونی تورکیا
شرۆڤەکاران دەڵێن، کوتلە لایەنگرەکانی ئێران لە عێراق پاساویان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی بونی تورکیا، ئەوەش ئەگەری هەڵکشانی نێوان هێزەکانی تورکیا و گروپەکانی تر جگە لە پەکەکە زیاتر دەکات.

حەمدی مالیک، پسپۆڕی کاروباری گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق لە ئینستیتیوتی واشنتن رونیدەکاتەوە، گروپە لایەنگرەکانی ئێران وەک لیوای "عێراقی ئازاد" و لیوای "شەنگالی ئازاد"، ساڵی رابردو ئامانجی خۆیان راگەیاند، کە بەرخۆدان ده‌كه‌ن بەرامبەر بە بونی تورکیا.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئینستیتیوتی واشنتن، هێرش بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی تورکیا لە عێراق، لە سەرەتای ساڵی 2022 بە تێکڕای 1.5 لێدان لە مانگێکەوە بۆ حەوت لێدان لە مانگی نیساندا زیادیکردوە.

مستەفا گوربوز، رۆژنامەنوسی نانیشتەجێی ناوەندی عەرەبی لە واشنتن رایگەیاند، ئەگەر ئەو گروپانە، کە زۆر دوژمنایەتی واشنتن دەکەن، ئۆپەراسیۆنەکانیان چڕتر بکەنەوە، ئەوا دەبێتە هۆی تێکدانی کاریگەری ئەمریکا و هێزە دو هەزار کەسییەکه‌ی لە عێراق.
تورکیا بەهێزی ئۆپۆزسیۆن و ئەو ڕاستییە بە کەم دەزانێت 
سەجاد جیاد، شرۆڤەکاری دامەزراوەی بیرکردنەوەی ئەمریکی کە بنکەکەی لە بەغدایە، دەڵێت، "تورکیا بەهێزی ئۆپۆزسیۆن و ئەو ڕاستییە بە کەم دەزانێت کە ئەم ئیمکاناتانە لە داهاتودا دەبنە ئامانج و زیاتریش لەگەڵ پەرەسەندنی دوژمنایەتییەکان".

"هەردوکیان ستەممان لێدەکەن"
پارچە پارچەبونی سیاسی باکوری عێراق بەو مانایەیە کە نە حکومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا و نە حکومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەندە بەهێزن کە بەرپەرچی بونی تورکیا بده‌نه‌وه‌، حکومەتی بەغدا گلەیی لە دەستدرێژیەکانی ئەنقەرە دەکات، بەڵام دەسەڵاتێکی کەمی هەیە لە هه‌رێمی كوردستان، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستانی دەسەڵاتدار هێزی سەربازیی نییە بۆ "تەحەدای پەکەکە" سەرەڕای ئەوەی وەک "رکابەرێکی بەهێز و پۆپۆلیستی دەیبینێت".
پەکەکە هۆکاری سەرەکییە کە وایکرد تورکیا بێته‌ ناو خاکەکانمانەوە
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان (له‌ پشكی پارتی) رایگەیاندوه‌، "پەکەکە هۆکاری سەرەکییە کە وایکرد تورکیا بێته‌ ناو خاکەکانمانەوە لەکوردستان، بۆیە پێمانوایە پێویستە ئەو حزبە بڕوات، ئێمە به‌شێك نین لەو ململانێیە درێژخایەنە و هیچ نیازێکمان نییە لەسەر ئەو ململانێیە درێژخایەنە لایه‌نگر بین".
ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکە "جێگەی نیگەرانییە"
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی رۆیتەرز-ی ڕاگەیاندوه‌، ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکە "جێگەی نیگەرانییە".

رەمەزان عەلی تەمەن 72 ساڵ، لە ساڵی 2021 خەریکی ئاودانی زەویەکەی بوه‌ لە گوندی هورور، کە چەند کیلۆمەترێک لە سەرارۆوه‌ دورە، له‌وكاته‌دا گوێی لە تەقینەوەیەکی گەورە بوه‌، شتێکی دواتر کە بیری دێتەوە ئەوەیە کە هه‌مو گیانی "خه‌ڵتانی خوێن" بوه‌ و له‌سه‌ر زه‌وی كه‌وتوه‌.
گوللەیەکی تورکیا لەسەر زەوییەکەی كه‌وتوه‌ته‌ خواره‌وه‌، ئەوەش زۆرجار رودەدات
ئه‌و رونیدەکاتەوە کە گوللەیەکی تورکیا لەسەر زەوییەکەی كه‌وتوه‌ته‌ خواره‌وه‌، ئەوەش زۆرجار رودەدات کاتێک هێزەکانی تورکیا به‌ بیانوی بۆردومانكردنی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ هێرشی موشه‌كی ده‌كه‌ن.
عەلی خەڵکی قەزای زاخۆیه‌ و تا ئێستاش بەدەست برینەکانییه‌وه‌ دەناڵێنێت
عەلی خەڵکی قەزای زاخۆیه‌ و تا ئێستاش بەدەست برینەکانییه‌وه‌ دەناڵێنێت، دەڵێت "ڤیدیۆی ژیانمم بینی کە لەبەرچاوم تێپه‌ڕی، هەست بە توڕەیی دەکەم لە پارتی كرێكارانی كوردستان و توركیا، بەو پێیەی هەردوکیان ستەممان لێدەکەن".

بەپەلە