خەندان-
14 لایەنی کوردستانی ئەمڕۆ لە کەرکوک سەبارەت بە دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان کۆبونەوە و رایانگەیاند، بۆ وەڵامدانەوەی خواست و نیگەرانییەکانی هاوڵاتیانی کوردی ناوچە دابڕاوەکان و گەرەنتیکردنی مافەکانیان، پێویستییان بە یەکڕیزی کوردستانی و هەنگاوی کرداری هەیە لەسەروی هەموشیانەوە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستور.
لە راگەیەنراوی کۆبونەوەی لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوکدا هاتوە، ئەمڕۆ سێشەممە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لە شاری کەرکوک بە سەرپەرشتی ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و بە ئامادەبونی لێپرسراوی یەکەمی حزبە کوردستانییەکان، کۆبونەوەی حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک بەڕێوەچو.
لەگەڵ تەواوی داواکاری و خواستەکانی هاوڵاتییانین
ئەوەش خراوەتەڕو، لە کۆبونەوەکەدا حزب و لایەنە کوردستانییەکان بە گشتیی دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانیان تاوتوێ کرد، و جەختیان لە سەر یەکڕیزی نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکان کردەوە، بە جۆرێک کە وەڵام دەرەوەی واقیعی ئێستای کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بێت، هەروەها تاوتوێی سەرجەم ئەو گیرو گرفتانەش کران کە لە ئێستادا بونەتە مایەی نیگەرانی هاوڵاتییان، و لەو روەوە حزب و لایەنە کوردستانییەکان جەختیانکردەوە کە لەگەڵ تەواوی داواکاری و خواستەکانی هاوڵاتییان دایە، و لەو چوارچێوەیەشدا هەنگاوی کرداری دەنێت.
ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت
حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک دەڵێن، "لە سەر کۆی پرسەکان هاوڕا بون، بە ئامانجی چارەسەرکردن و نەهێشتنی ئەو گیرو گرفتە ئیداری و ئەمنییانەی کە رۆژانە روبەڕوی دانیشتوانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دەبێتەوە. پرسی مافە دەستوری و یاساییەکانی کورد، و کێشەی زەوی و زارە کشتوکاڵییەکانی جوتیاران، و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، و رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی ماددەی (140) کە لە کارنامەی محەمەد شیاع سودانیدا هاتوە، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەی حزب و لایەنە کوردستانییەکان بو".
ئەو لایەنانەی لەکۆبونەوەکەدا بەشداربون:
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بزوتنەوەی گۆڕان
کۆمەڵی دادگەری
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان
ھاوپەیمانی نیشتمانی
سۆسیال دیمۆکراتی کوردستان
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
حزبی شیوعی کوردستان
بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان
پارتی سەوزی کوردستان
پارتی پێشکەوتنخوازی کوردستان
حزبی ئیسلامی عیراق
تەڤگەری ئازادیی
بزوتنەوەی دیموکراتیی گەلی کوردستان