بلینکن بەرەو کەناری رۆژئاوا دەڕوات بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکی فەڵەستین

12:56 - 31/01/2023

2186جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەرەو کەناری رۆژئاوا دەڕوات بۆ كۆبونه‌وه‌ لەگەڵ مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لە کۆتایی گەشتێکی دیپلۆماسی چڕدا، کە لەوماوەیەدا هەوڵی کەمکردنەوەی پەرەسەندنی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکانیدا.

به‌پێی رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، پێشبینی دەکرێت ئەنتۆنی بلینکن جارێكی دیكه‌ داوا لە مەحمود عەباس بکات هەوڵی زیاتر بدات بۆ وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیلییەکان، ئەوەش لە دوای وەستاندنی هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوە، دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە خوێناوییەی سوپای ئیسرائیل لە ئۆردوگای جێنین، کە رۆژی پێنجشەممە ئەنجامدرا، کە ئەنجامەکەی مردنی 10 كه‌سی لێكه‌وته‌وه‌.

ئەمریکا ترسی خۆی دەربڕی کە دەخەکە ببێتە هۆی تێکچونی زیاتری په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین
ئەمریکا رەخنەی لەو هەنگاوە گرت و ترسی خۆی دەربڕی کە ببێتە هۆی تێکچونی زیاتری په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین، پێش ئەوەی بلینکن زنجیرەیەک وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل لە قودس ئەنجام بدات، هەروەها لەگەڵ لایەنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئیسرائیل و فەڵەستینی کۆدەبێتەوە.
ئه‌مریكا داوای لە هەردو لایەنی ململانێکان کرد هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی
وەزیری دەرەوەی ئه‌مریكا داوای لە هەردو لایەنی ململانێکان کرد هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی، ئەوەش لە کاتێکدایە کە گه‌ڕێكی نوێی توندوتیژی خوێناویی هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ و بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەستاندنی سەرکەوتو نەبون.
سەردانە درێژخایەنەکەی بلینکن کە ڕۆژی یەکشەممە لە میسره‌وه‌ دەستیپێکرد
سەردانە درێژخایەنەکەی بلینکن کە ڕۆژی یەکشەممە (29ی 1ی 2023) لە میسره‌وه‌ دەستیپێکرد، وەرچەرخانێکی جیاوازی بەخۆیەوە بینی بە تێکچونی توند و لەناکاوی دۆخی ئەمنی.
 ئێستا داوا لە هەمو لایەنەکان دەکەین هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی
بلینکن لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای دانوستانەکانیان وتی، "ئێمە ئێستا داوا لە هەمو لایەنەکان دەکەین هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و هێورکردنەوەی دۆخه‌كه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێمە دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی کە ژینگەیەک هەیە و هیوادارین بتوانین هەلومەرجێک دروست بکەین بۆ ئەوەی دەست بکەین بە گەڕاندنەوەی هەستی ئاسایش بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین".

لە دوای هێرشەکانی ئەم دواییە، حکومەتی نەتانیاهۆ کە یه‌كێكه‌ له‌ رێبه‌ره‌ توندڕه‌وه‌كانی ئیسرائیل گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی بە ئامانجی سزادانی کەسوکاری تاوانباران راگەیاندوه‌.
 هێزەکانی ئیسرائیل ماڵی بنەماڵەیەکی فەڵەستینییان داگیرکرد 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هێزەکانی ئیسرائیل ماڵی بنەماڵەیەکی فەڵەستینییان داگیرکرد کە رۆژی هەینی شەش ئیسرائیلی و ژنێکی ئۆکرانییان لە قودسی رۆژهەڵات کوشت، هەر لەو ڕۆژەدا سوپای ئیسرائیل لە کاردانەوەی تەقاندنی موشەک لەلایەن لایەنە فەڵەستینییەکانەوە بەرەو ئیسرائیل لە کەرتی گەمارۆدراوەوە، هێرشكرایه‌ سەر غەززە.
ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە کەمپی جێنین لە کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو ئەنجامدا
رۆژی پێنجشەممەی رابردو ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە کەمپی جێنین لە کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو ئەنجامدا و لەو ئۆپەراسیۆنەدا 9 فەڵەستینی کوژران، ئەوەش زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان بو لە یەک ئۆپەراسیۆندا لە چەندین ساڵدا.

29ی ئه‌م مانگه‌ فەڵەستینییەک بەهۆی برینەکانی ڕۆژی پێنجشەممە گیانی لەدەستدا و ژمارەی کوژراوانی ئۆپەراسیۆنی جەنین گەیشتە 10 کەس.

رۆژی شەممەی ڕابردو قودسی ڕۆژهەڵات شایەتحاڵی هێرشێکی نوێ بو، کاتێک کوڕێکی تەمەن 13 ساڵانی فەڵەستینی تەقەی لە پیاوێک و کوڕەکەی کرد، پێش ئەوەی ئەویش لەلایەن ئیسرائیلییە چەکدارەکانەوە بریندار بکرێت و دەستگیر بکرێت.
دوێنێش پاسەوانانی ئیسرائیل فەڵەستینییەکیان لە کەرتی رۆژئاوا کوشت
دوێنێش پاسەوانانی ئیسرائیل فەڵەستینییەکیان لە کەرتی رۆژئاوا کوشت، کە ئیسرائیل لە ساڵی 1967ەوە داگیری کردوە، هه‌روه‌ها هێزەکانی ئیسرائیل فەڵەستینییەکیان لە شاری هێبرۆن لە کەرتی ڕۆژئاوا کوشت.

بلینکن گەشتەکەی لە میسر دەستپێکرد کە بە شێوەیەکی نەریتی ڕۆڵی ناوبژیوانی نێوان لایەنی ئیسرائیل و فەلەستینی دەبینێت.
واشنتن هەوڵدەدات جارێکی دیکە پەیوەندی لەگەڵ نەتانیاهۆ بکاتەوە 
لە کاتێکدا چاوەڕوانی پێشکەوتنێکی کەم دەکرێت لە ڕوی کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکانەوە، واشنتن هەوڵدەدات جارێکی دیکە پەیوەندی لەگەڵ نەتانیاهۆ بکاتەوە کە حکومەتەکەی لە کۆتایی ساڵی ڕابردودا ده‌ستبه‌كاربوه‌وه‌ و سوێندی یاسایی خوارد.

لەم چوارچێوەیەدا چەند بەرپرسێکی ئەمریکی لەم دواییانەدا سەردانی قودسیان کردوە و هەندێک لە شارەزایان باس لە ئەگەری سەردانێکی نەتانیاهۆ دەکەن بۆ کۆشکی سپی لە مانگی شوباتدا.