خه‌ندان-
شاره‌زایه‌كی بواری كه‌شناسی هۆشداری له‌دروستبونی لافاو له‌چه‌ندین ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م شه‌پۆلی به‌فر و بارانبارینه‌ی ناوچه جیاجیاكانی گرتۆته‌وه تا هه‌ینی به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌فته‌ی داهاتوش شه‌پۆلێكی دیكه‌ی به‌فر و سه‌رماو سۆڵه به‌ڕێوه‌یه.
شاڵاو هیدایه‌ت شاره‌زای بواری كه‌شناسی له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی بۆ خه‌ندان نێردراوه رایگه‌یاندوه، "ئێستا له‌هه‌ندێك ناوچه هه‌وره بروسكه‌یه‌و هه‌وره بروسكه‌ی تری چالاك به‌ڕێوه‌یه بۆ ناوچه‌كان به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌مشه‌و و سبه‌ی بۆ هه‌ولێر، كه‌ركوك، كۆیه، ئیداره‌ی ڕاپه‌رین، مه‌خمور و گه‌رمیان، شاره‌زور، سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌ری له‌گه‌ڵ بارانی به‌خوڕ، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری باران و هه‌وره بروسكه‌ش به‌ڕێژه‌ی كه‌متر له‌سنوری بادینان ئه‌گه‌ریان هه‌یه، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ری به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی ئاو و لافای كتوپڕ له‌نزمایی و چه‌مه‌كان هه‌یه".
كاریگه‌ری ئه‌م شه‌پۆله چوارشه‌ممه‌و پێنجشه‌ممه به‌رده‌وام ده‌بێت
شاڵاو هیدایه‌ت ده‌شڵێت، "كاریگه‌ری ئه‌م شه‌پۆله چوارشه‌ممه‌و پێنجشه‌ممه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت، دواتر شه‌پۆلێكی تری باران و به‌فر و سه‌رماو سۆڵه‌ی زیاتر و ساردتر به‌ڕێوه‌یه تایبه‌ت بۆ هه‌فته‌ی داهاتو".
ئه‌م شه‌پۆله تا ڕۆژی هه‌ینی به‌رده‌وام له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كان به‌شێوه‌ی زستانی و ناو به‌ناو به‌فر به‌رده‌وام ده‌بێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "ئه‌م شه‌پۆله تا ڕۆژی هه‌ینی به‌رده‌وام له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كان به‌شێوه‌ی زستانی و ناو به‌ناو به‌فر به‌رده‌وام ده‌بێت، به تایبه‌ت ڕۆژانی داهاتو نزیك بۆ كۆتایی هه‌فته ئه‌گه‌ر هه‌یه دابه‌زێت بۆ نێوان 800 تا 600 یش یان كه‌متریش به‌شێوه‌ی به‌فر و بارانی تێكه‌ڵ هه‌ندێك كات به‌دوری نازانم بێته به‌فری ته‌واو و له‌به‌رامبه‌ر باڵاده‌ست بونی بارسته هه‌وای ساردی جه‌مسه‌ری ئه‌گه‌ره‌كه به‌هێزتر ده‌بێت".
هه‌فته‌ی داهاتو ئه‌گه‌ری به‌فر و سه‌رماو سۆڵه زیاتره
ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری كه‌شناسی ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، "هه‌فته‌ی داهاتو ئه‌گه‌ری به‌فر و سه‌رماو سۆڵه زیاتره به‌پێی گۆڕانكاریه‌كانی ئێستا ئه‌گه‌ری هه‌یه به‌فربارین دابه‌زێته تا 500 مه‌تر و خوار ئه‌م به‌رزیه‌ش له‌ئاست ڕوی ده‌ریاوه".