مەسعود بارزانی: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و كوردستانە

04:39 - 25/01/2023

3628جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، جێگەی داخە کە دادگای فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری "دوژمنكارانە"ی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیشان دا و رێگری کرد لەوەی بەغدا پارە بۆ هەرێم بنێرێت، بۆیە جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بوبێت دادگای فیدڕاڵی بە بڕیارێكی "دوژمنكارانە" دەرفەتەكەی لەبار دەبات.

جارێكی تر دادگای فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانەی نیشان دا

مەسعود بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "جێگەی داخە جارێكی تر دادگای فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانەی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیشان دا و، ڕێگری لەوە كرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت كە بڕیار بو لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت."

دابینكردنی بەشێك لە شایستە دارییەكان مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە

ئەوەشی خستوەتەڕو، "لێرەدا مەبەست بڕە پارە نیە بەڵكو، كێشە سەرەكییەكە پێشێلكردنی ماف و پڕەنسیبە. هەمو لایەك ئاگادارن كە بەشداریی ئێمە لە هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی ڕون و تێروتەسەل بوە كە هەمو لایەنەكان ڕێككەوتنیان لەسەر كردوە. دابینكردنی بەشێك لە شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانیش كە مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە، بەشێك بوە لەو بەرنامەیە و ڕێككەوتنی لەسەر كراوە. بۆیە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حكومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە."

دادگای فیدڕاڵی ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رەخنە لەبڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەگرێت کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە و دەڵێت، "جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بوبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگای فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردوە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردوە و بوەتە هۆی ئاڵۆزتربونی كێشەكان. دیارە ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگای شۆڕش (محكمة الثورة)ـی ڕژێمی پێشوی گرتوەتەوە."

بڕیارەکە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانە

باسی لەوەشکردوە، داوا لە حكومەتی عێراقی و لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت دەكات هەڵوێستی خۆیان "لەمەڕ ئەو پێشێلكاری و دژایەتیكردنە نیشان بدەن كە لەلایەن دادگای فیدڕاڵی لە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت."