ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی "داواكراوێكی مه‌ترسیدار"ی راگه‌یاند

11:36 - 25/01/2023

3736جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی رایگه‌یاند، "تیرۆریستێک" ده‌ستگیركراوه‌ كه‌ بەشداربوە لە ئەنجامدانی چەندین کردەوەی دژ بەمرۆڤایەتی، كه‌ به‌یعه‌تی به‌ "تیرۆریستی  کوژراو (مصعب محمود عبدالعزیز)  داوه‌ و بەشداری شەڕەکانی ناحیەی ئامرلی و سلێمانبەگی کردوە".

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "پاڵپشت بە بڕیاری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی دادوەر لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و بەدواداچون هێزەکانمان بە هاوکاری  ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، تیرۆریستێک دەستگیر دەکات کە بەشداربوە لە ئەنجامدانی چەندین کردەوەی دژ بەمرۆڤایەتی".

لەساڵی 2014 پەیوەندی بە تیرۆریستانی داعشەوە کردوە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، تیرۆریستی دەستگیرکراو  (ع ، ق ، م) لەساڵی 2014 پەیوەندی بە تیرۆریستانی داعشەوە کردوە و بەیعەت بە تیرۆریستی  کوژراو (مصعب محمود عبدالعزیز)  دەدات و بەشداری شەڕەکانی ناحیەی ئامرلی و سلێمانبەگی کردوە.
لە ساڵی 2015 چوه‌تە سنوری قەزای حەویجەو بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆریستی کردوە
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی باسی له‌وه‌شكردوه‌، "لە ساڵی 2015 چوه‌تە سنوری قەزای حەویجەو بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆریستی کردوە و چەند جارێکیش بەسەختی بریندربوە".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "لەساڵی 2018 گواسراوەتەوە سنوری قۆری چای لەنێوان (دوزخورماتو - کفری) وەک چەکداری شەڕکەر هێڵراوەتەوە و شەوی   (18/ 19ی 1ی  2023) هاتوه‌تە سنوری بەڕێوەبەرایەتیمان بەمەبەستی هەڵهاتنی بۆ دەرەوەی هەرێم بەڵام هەمان شەو لەسەر بنەمای بەدواداچون دەستگیرکرا و روبەڕوی یاسا کرایەوە.

نیشانەکردن

ئاسایش سلێمانی