دژی بڕیارێکی پارێزگاری کەرکوک، یەکێتی کۆبونەوەی جەماوەری ساز دەکات

11:56 - 24/01/2023

5695جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دژی بڕیارێکی پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت بۆ دانانی کەسێک لە پێکهاتەی عەرەبی بۆ پۆستی قائیمقامی قەزای داقوق کە پێشتر ئەو پۆستە لەلای کورد بوە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناڕەزایی دەردەبڕێت و سبەی لە داقوق خۆپیشاندان ساز دەکات، داواش لە رێکخستەکانی دەکات بەشداری لەو کۆبونەوە جەماوەرییەدا بکەن.

دیواری دکتاتۆرییەت ڕۆژانە زیاتر لەبەردێکی لێ ئەکەوێتە خوارێ

مەڵبەندی (18)ی رێکخستنی رۆژهەڵاتی کەرکوک ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، "جەماوەری شارۆچکەی داقوق، گەنجان، خوێندکاران، مامۆستایان، خوشکان، ژنان، جوتیاران، کاسبکاران، فەرمانبەران و گشت چین و توێژەکانی  کۆمەڵگای داقوق، لەکاتێکدا شنەبای دیموکراتیەت بەسەر هەمو وڵاتانی جیهاندا هەڵی کردوە و دیواری دکتاتۆرییەت ڕۆژانە زیاتر لەبەردێکی لێ ئەکەوێتە خوارێ، کەچی تازە بەتازە پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک پۆستی قائیمقام لە کورد وەردەگرێتەوە".

ئەو پۆستە پشک و مافی پێکهاتەی کوردە لەشارەکە

ئەوەشی خستوەتەڕو، "پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک بەپێچەوانەی یاساو ماف و داوای پێکهاتەکان و ڕەچاونەکردنی هاوسەنگی لەپۆستەکانی ئیدارەی کەرکوک، تاکلایەنە و بێگەڕانەوەو فەرامۆشکردنی داوای نوێنەرانی کورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پۆستی قائیمقامی قەزای داقوقی بەخشیوە بەکەسێک لەپێکهاتەی عەرەبی لەکاتێکدا ئەو پۆستە پشک و مافی پێکهاتەی کوردە لەشارەکە."

ئامادەبونتان ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە

مەڵبەندی (18)ی رێکخستنی رۆژهەڵاتی کەرکوک دەڵێت، "بۆیە داوا لەخەڵکی شارۆچکەی داقوق دەوروبەری دەکەین بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەم بڕیارە کەمەترسی لەسەر ئاشتەوایی و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی شاری کەرکوک دروست ئەکات، سبەی کۆبونەوەیەکی جەماوەری لەبەردەم باڵەخانەی قائیمقامیەتی قەزای داقوق رێک دەخرێت بۆ بەرگریکردن لەمافی سەرجەم پێکهاتەکان، ئامادەبونتان ئەرکێکی نیشتمانی، نەتەوەیی و پارێزگاریکردنە  لەژیانی ئاشتەوایی پێکهاتەکانی شارەکەمان".

نیشانەکردن

کەرکوک یەکێتی