بەغدا.. خۆپیشاندان لەنزیک بانکی ناوەندی ئەنجام دەدرێت

11:12 - 24/01/2023

2707جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سبەی چوارشەممە لە نزیک بانکی ناوەندی عێراق لە بەغدا خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغداش رایگەیاند، هێزەکانیان بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران ئامادە کردوە و هێزەکانی پاراستنی یاساش ئامادە دەبن کە تایبەتن بە پاراستنی هاوڵاتیان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا.

خۆپیشاندانەکە لە نزیک بانکی ناوەندی دەبێت
فەریق روکن ئەحمەد سەلیم، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا بە تۆڕی راگەیاندنی عێراق (واع)ی راگەیاندوە، سبەی لە بەغدا خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت و خۆپیشاندانەکەش لە نزیک بانکی ناوەندی دەبێت، بۆیە هێزەکانیان پلانی خۆیان بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران ئامادەکردوە و کار بە راسپاردەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەکەن.
هێزەکانمان لە نزیک بانکی ناوەندی بڵاودەکرێنەوە
ئەوەشی خستوەتەڕو، هێزەکانیان لە نزیک بانکی ناوەندی بڵاودەکرێنەوە و  هێزەکانی پاراستنی یاساش ئامادە دەبن کە تایبەتن بە پاراستنی هاوڵاتیان لە کاتی خۆپیشاندانەکان و سەر بە وەزارەتی ناوخۆن.
بڕیار نییە هیچ شەقامێکی گشتی نزیک لە شوێنی خۆپیشاندانەکە دابخرێت

فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا دەڵێت، تائێستا بڕیار نییە هیچ شەقامێکی گشتی لە نزیک شوێنی خۆپیشاندانەکە دابخرێت، بەڵام ئەگەر ژمارەی خۆپیشاندەران زیاد بکات و ببێتەهۆی ئەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ دروست ببێت، بەشێک لە شەقامی نزیک بانکی ناوەندی دادەخەن بۆ ئەوەی گەرەنتی پاراستنی خۆپیشاندانەکە بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی چەند مانگێکە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و رێکارەکانی حکومەت و بانکی ناوەندیش، نەیتوانیوە نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشوی بگەڕێنێتەوە کە 100 دۆلار بە 146 بۆ 148 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام لە ئێستادا 100 دۆلار بە 161 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

نیشانەکردن

عێراق