FBI ژمارەیەک "بەڵگەنامەی نهێنی" لەماڵی جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا دەدۆزێتەوە

09:57 - 24/01/2023

2288جار خوێندراوەتەوە

مایک پێنس، جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا

خەندان-

نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا ( FBI) دۆزینەوەی  ژمارەیەک "بەڵگەنامەی نهێنی" لە ماڵی مایک پێنس، جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا دەدۆزێتەوە و پارێزەرەکەشی رایدەگەیەنێت، بەبێ ئاگاداری جێگری سەرۆک ژمارەیەک بۆکس خراونەتە ناو سندوقێک و لە ماڵەکەییدا دانراون، بەبێ ئەوەی ناوبراو ئاگاداری هیچ بەڵگەنامەیەکی هەستیار و نهێنی بێت.

گرێک جاکۆب، پارێزەری مایک پێنس، جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە، نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا ( FBI) لە ویلایەتی ئیندیانا لە ماڵی مایک پێنسدا، ژمارەیەک بەڵگەنامەی دۆزیوەتەوە کە  نیشانەی نهێنییان لەسەرە و بەبێ ئاگاداری جێگری سەرۆک گواستراونەتەوە بۆ ماڵەکەی، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەیە هاوکاری تەواو لەگەڵ دەستەی لێکۆڵینەوەکاندا بکات.

 هیچ زانیارییەکی نهێنم لەگەڵ خۆمدا نەبردوەتەدەرەوە
FBI بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان چونەتە ماڵی مایک پێنس، هەرچەندە ناوبراو پێشتر رایگەیاندبو، ئەو هیچ زانیارییەکی نهێنی لەگەڵ خۆیدا نەبردوەتەدەرەوەی کۆشکی سپی و سەرجەم بەڵگەنامەکان رادەستی بەشی ئەرشیفی نیشتیمانی کراون، داواشی لە پارێزەرەکانی کردبو هەمو رێکارێک بگرنەبەر بۆ دڵنیابونەوە لەوەی هیچ "بەڵگەنامەی نهێنی" نەمێنێت کە لەلای بێت و رادەستی ئەرشیفی نیشتیمانی نەکرابێت.
ئێمە بە پرۆسەیەکی زۆر ورددا تێپەڕین لەم ڕوەوە
ئەوەشی خستوەتەڕو، پێش ئەوەی کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت، ستافەکەی ئاگادارکردوەتەوە کە دڵنیابن لەوەی هەر بەڵگەنامەیەک پێویست بکات ڕادەستی ئەرشیفی نیشتمانی بکرێت بەتایبەت بەڵگەنامە نهێنییەکان و "ئێمە بە پرۆسەیەکی زۆر ورددا تێپەڕین لەم ڕوەوە."
کۆمەڵێک بەڵگەنامە لە ماڵەکەی ترەمپدا دەستیان بەسەردا گیرا
رۆژی هەینی 12ـی ئابی 2022ش، وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، کۆمەڵێک بەڵگەنامە لە ماڵەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لە ویلایەتی فلۆریدا دەستیان بەسەردا گیرا و بۆ رای گشتیی ئاشکراکران. 
 بەناو نوسینگەی 45ـی دۆناڵد ترەمپدا بگەڕێن
مۆڵەتی گەڕانەکە لەلایەن مێریک گارلاند، داواکاری گشتیی ئەمریکا بە ئێف بی ئای درابو؛ مۆڵەتپێدانەکە رێگەی بە ئێف بی ئای دا بەناو "نوسینگەی 45"ـی دۆناڵد ترەمپدا بگەڕێن. ناونانی ئەم نوسینگەیە بەو ناوەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دۆناڵد ترەمپ 45ەمین سەرۆکی ئەمریکا بوە. 
 یەک کۆمەڵەی بەڵگەنامەکان زۆر نهێنی بون 
داواکاریی گشتیی فەرمانی بە نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا - FBI کردبو بۆ ئەوەی دەست بەسەر بەڵگەنامە و تۆمارەکاندا بگرن "کە بەشێوەیەکی نایاسایی خاوەنداریەتییان دەکرێت" کە وەکو ئاماژەی پێکراوە پێشێلکردنی سێ یاسای تاوانکارییە. بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی داد، یەک کۆمەڵەیان بە زۆر نهێنی و زۆر هەستیار پۆلێنکراون؛ چوار کۆمەڵە بەڵگە بە زۆر نهێنی دانراون و شەش کۆمەڵەشیان وەک نهێنی تۆمارکرابون. 

نیشانەکردن

ئەمریکا