نێچیرڤان بارزانی بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق: هەموانتان دڵخۆشکرد

09:21 - 24/01/2023

1987جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد و رایگەیاند، بردنەوەی جامی پاڵەوانیەتیی (کەنداو 25) لەلایەن هەڵبژاردەی عێراقەوە دڵی هەمو عێراقییەکانی لە سەرتاسەری وڵات خۆشکرد، هەر بەو بۆنەیەشەوە لە هەمو شارەکانی هەرێمی کوردستان، هاوڵاتییان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕى، ئەوەش پەیامێک بو بۆ جیهان کە دەریخست عێراق گەڕایەوە و هەستایەوە سەر پێ.

دوبارە پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر پێشوازی لە تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد، لە دیدارێکدا کە وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر، پارێزگاری بەسرا، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسان ئامادەی بون، نێچیرڤان بارزانی دوبارە پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد بۆ بردنەوەی جامی پاڵەوانیەتیی (کەنداو 25) کە هەفتەی ڕابردو لە بەسرا ئەنجام درا.

دڵی هەمو عێراقییەکانی لە سەرتاسەری وڵات خۆش کرد

ئەوەش هاتوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرهێنان و دەربڕینی خۆشحاڵی بە سەردانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا کە بردنەوەی جامی کەنداو لەلایەن هەڵبژاردەی عێراقەوە، سەرکەوتنی تەواوی وڵاتە و دڵی هەمو عێراقییەکانی لە سەرتاسەری وڵات خۆش کرد، هەر بەو بۆنەیەشەوە لە هەمو شارەکانی هەرێمی کوردستان، هاوڵاتییان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕى.

پەیامێکیی گەیاندە جیهان کە عێراق گەڕایەوە و هەستایەوە سەر پێ

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەم سەرکەوتنە بۆ عێراق و عێراقییەکان گرنگ بو، چونکە هەمو عێراقییەکانی لە دەوری سەرکەوتنەکەدا کۆکردەوە، پەیامێکیشی گەیاندە جیهان کە عێراق گەڕایەوە و هەستایەوە سەر پێ، هەروەها هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ هەڵبژاردەی عێراق خواست و هەمو پشتگیرییەکی بۆ دوپات کردەوە، سوپاسی پارێزگاری بەسرا و ڕێکخەران و هێزە ئەمنییەکان و هەمو ئەو لایەنانەش کردوە کە ڕۆڵیان لە بەڕێوەچونی سەرکەوتوانەی پاڵەوانیەتییەکەدا هەبو.

خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی 

سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت، لای خۆیانەوە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و پارێزگاری بەسرا و ڕاهێنەران و یاریزانان و ئەندامانی هەڵبژاردەکە، سوپاس و پێزانینیان بۆ ئامادەبونی نێچیرڤان بارزانی لە ئاهه‌نگی ده‌ستپێكردنی خولی جامی پاڵەوانیەتیی (کەنداو 25) و پشتگیریی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق دوپات کردەوە و خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی کوردستان و دیداری سەرۆکی هەرێم دەربڕی.

نیشانەکردن

سەرۆکایەتی هەرێم