نه‌ته‌نیاهو سەردانی دەوڵەتێکی عەرەبی دەکات

06:01 - 24/01/2023

2714جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئوردن و لەگەڵ شا عەبدوڵای دوەم، پادشای ئەو وڵاتەدا کۆدەبێتەوە.

گفتوگۆ لەبارەی دۆخی قودس و ژمارەیەک دۆسیەی هەرێمی دەکرێت

دیوانی شاهانەی ئوردن لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە عەممان لەگەڵ شا عەبدوڵای دوەم، پادشای ئوردن کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی قودس، ژمارەیەک دۆسیەی هەرێمی و هاوکاری نێوان هەردو وڵات دەکرێت.

داوایکردبو پرۆسەی ئاشتی فەڵەستین و ئیسرائیل دەستپێبکاتەوە

پادشای ئوردن پێشوتر داوای لە حکومەتی ئیسرائیل کردبو، رێز لە دۆخی مێژویی مزگەوتی ئەقسا و قودس بگرێت و هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر مزگەوتەکەدا نەهێنێت، هەروەها داوایکردبو توندوتیژییەکان رابگیرێن و پرۆسەی ئاشتی فەڵەستین و ئیسرائیل دەستپێبکاتەوە.

رەنگبێت بڕیارەکانی حکومەتی نوێ ناسەقگیری زیاتر بۆ ئیسرائیل دروستبکات
حکومەتی نوێی ئیسرائیل لە هاوپەیمانی نێوان پارتی لیکود بەسەرۆکایەتی نەتەنیاهو و ژمارەیەک پارتی دیکەی راستڕەو پێکهێنراوە و بە راستڕەوترین حکومەت لە مێژوی ئیسرائیل دادەنرێت، بۆیە بەشێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە هۆشداری دەدەن لە هەنگاوەکانی حکومەتی نوێ بەتایبەت پەیوەست بە فەڵەستین و کەرتی رۆژئاوا کە رەنگبێت بڕیارەکانیان ناسەقگیری زیاتر بۆ ئیسرائیل دروستبکات.
نه‌ته‌نیاهو ئەزمونێکی دو دەیەی لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا هەیە
بنیامین نه‌ته‌نیاهو لەکاتێکدا کە سەرۆکایەتی حکومەتی نوێی وڵاتەکەی وەرگرتوەتەوە، کە ئەزمونێکی دو دەیەی لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا هەیە و ناوبراو لە ساڵانی 1996 تاوەکو 1999، هەروەها لە ساڵی 2009  تاوەکو 2021 سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بوە.

نیشانەکردن

ئیسرائیل