پەرلەمانتارێکی فەتح: حکومەت هیچ بەرنامەیەکی بۆ دابەزاندنی بەهای دینار نییە

08:55 - 20/01/2023

24422جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی فەتح کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان رایگەیاند، حکومەتی عێراق هیچ بەرنامەیەکی نییە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار و دابەزاندنی بەهای دینار، بەڵام "ئەمریکا دۆلار وەک کارتێکی فشار دژی عێراق و سەرۆک وەزیرانەکەی بەکاردەهێنێت".

جەنگی دۆلار، لە حکومەتیش گەورەترە 

عەلی زوبەیدی، ئەندامی فراکسیۆنی فەتح لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت بەشێک لە بەرپرسیاریەتی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار هەڵدەگرێت، بەتایبەت کە لەئێستادا "جەنگێک" بەرپاکراوە کە لە حکومەتی فیدڕاڵیش گەورەترە و پەیوەستە بە نرخی دۆلارەوە.

جوڵەکانی سودانی ئەمریکای توڕەکردوە و دەیانەوێت سزای بدەن 

ئەوەشی خستوەتەڕو، "جوڵەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران لەدەرەوەی ئەو بازنەیەیە کە ئەمریکا خواستییەتی، بەتایبەت واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای سیمنزی ئەڵمانی بۆ پڕۆژەی تازەی کارەبا و گەشەپێدانی وزە، واشنتنی توڕە کردوە و دەیەوێت دژی عێراق، دۆلار وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنێت".

حکومەت پلانی هەیە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەهای دۆلار

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "هەرچەندە حکومەت پلانی خۆی داڕشتوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەهای دۆلار، بەڵام ئەوەی ئێستا رودەدات لە بەرزبونەوەی نائاسایی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، جەنگێکە کە لە حکومەتیش گەورەترە".

نیشانەکردن

عێراق دراو

بەپەلە