یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتو: لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین

04:18 - 18/01/2023

5332جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەزگاکانی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە کۆبونەوەوە و رایانگەیاند، هەر چوار حزبەکە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن، بەڵام داوا دەکەن سەرەتا کۆمسیۆن کارابکرێتەوە ویاسای هەڵبژاردنیش هەموار بکرێتەوە، هەروەها بەپێویستی دەزانن کەشێکی گونجاو بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن فەراهەم بکرێت.

لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین

دەزگاکانی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستان کۆبونەوە، لە راگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا هاتوە، "لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین، بەڵام پێویستە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەموار بکرێتەوە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش کارا بکرێتەوە".

کەشێکی گونجاو و سەقامگیر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن فەراهەم بکرێت

ئەوەشیان خستوەتەڕو، جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی دەبێت لایەنە سیاسییەکان کەشێکی گونجاو و سەقامگیر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و دیموکراسییانە فەراهەم بکەن.

هیچ بیانویەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبوڵ ناكرێت

راگەیەنراوەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان دوای ئەوە هات، کە دوێنێ مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ برێت مەكگۆرك، ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت و هیچ بیانویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبوڵ ناكرێت.

No photo description available.