مەسعود بارزانی: هیچ بیانویەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبوڵ ناكرێت

01:08 - 17/01/2023

2571جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ برێت مەكگۆرك، ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت و هیچ بیانویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبوڵ ناكرێت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی باره‌گای بارزانی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای ئەمریكا كرد كە پێكهاتبو لە برێت مەكگۆرك، ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا و ئامۆس هۆكشتین، ڕێكخەری تایبەتی سەرۆكایەتیی بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و ئالینا ڕۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا.

جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بایەخی ڕۆڵی عێراق و هەرێمی كوردستان كرایەوە

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا و جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بایەخی ڕۆڵی عێراق و هەرێمی كوردستان لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم وزە لە ئاستی جیهانیدا كرایەوە.

پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، بارودۆخی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری ئەو كۆبونەوەیە بو و تێیدا مەسعود بارزانی ئەوەی دوپاتكردەوە كە "پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت و هیچ بیانویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت". 

 خوازیاری ئەوەیە لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیاتەكان و پاڵپشتیكردنی حكومەتی هەرێم كۆبونەوە بەردەوام بێت

مەسعود بارزانی ئەوەشی خستەڕو، كە خوازیاری ئەوەیە لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیاتەكان و پاڵپشتیكردنی حكومەتی هەرێم، كۆبونەوە و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەردەوام بێت، پەیوەست بە چاكسازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی ئەو چاكسازییانە دوپاتكردەوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون و شاندی میوان جەختی لە بایەخی ئاساییش و سەقامگیریی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.