ڤایرۆسی كراكن؛ زەنگێكی دیكە بۆ هاوڵاتیان و یەكە تەندروستیەكان

04:50 - 12/01/2023

9528جار خوێندراوەتەوە

ڤایرۆسی گۆڕاوی (XBB.1.5) ناسراو بە (كراكن)

خەندان-

سەنتەری ئەمریکی بۆ كۆنتڕۆڵكردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەكان (CDC) ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، رێژەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی نوێی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن (XBB.1.5) ناسراو بە "كراكن" لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا روی لە زیادبونی كردوە و زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، لە بەرامبەریشدا وەزیری تەندروستی عێراق دەڵێت، "تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی توشبون بەو ڤایرۆسە تۆمارنەكراوە و بنكە تەندروستییەکانمان لەم حاڵەتە ئاگاداركردوەتەوە".

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی The NewYork Times، سەنتەری ئەمریکی بۆ كۆنتڕۆڵكردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەكان لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، ڤایرۆسی گۆڕاوی (XBB.1.5) ناسراو بە (كراكن) بەشێوەیەكی بەرچاو لە نێو توشبوانی كۆرۆنا بڵاوبوەتەوە و ئەم ڤایرۆسە گۆڕاوە و ناوكە ترشەكەی بەشێوەیەكی گشتی لە ڤایرۆسی ئۆمیكرۆنەوە گۆڕانی بەسەردا هاتوە.

رێژەی 28% دانیشتوانی ئەمریكا و 72% وڵاتانی ئەوروپا و باكوری رۆژهەڵات توشبوی ئەم ڤایرۆسە نوێیە بون
باسی بەوەشكردوە، "رێژەی 28% دانیشتوانی ئەمریكا و 72% وڵاتانی ئەوروپا و باكوری رۆژهەڵات توشبوی ئەم ڤایرۆسە نوێیەن، لە نوێترین لێكۆڵینەوەشیاندا بۆیان دەركەوتوە كە ئەم ڤایرۆسە زۆر بە ئاسانی توانای بەرەنگاربونەوەی سیستمی بەرگری جەستەی مرۆڤی هەیە و دەتوانێت زۆر بە ئاسانی بەرەنگاری خرۆكە سپییەكانی خوێن ببێتەوە، هەروەها ئەم ڤایرۆسە و زانیارییە وردەكان لەسەر شێوازی پەلاماردانی خانەكانی مرۆڤ هێشتا بە نەزانراوی ماونەتەوە".
ئەم ڤایرۆسە یەكێكە لەو ڤایرۆسانەی كە بەشێوەیەكی زۆر خێرا بڵاودەبێتەوە
هەر بەپێی راپۆرتەكەی سەنتەری (CDC)، "ئەم ڤایرۆسە یەكێكە لەو ڤایرۆسانەی كە بەشێوەیەكی زۆر خێرا بڵاودەبێتەوە و لە ئێستادا یەكێكە لەو ڤایرۆسانەی كە بوەتە ڤایرۆسێكی بەربڵاو لەسەرانسەری ئەمریكادا، ئەوەی جێگەی مەترسییە ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبارەیەوە بونی نییە و كاریگەرییەكانی توشبون بەم ڤایرۆسەش بە نەزانراوی ماونەتەوە، بەڵام تا ئێستا سیستمی زانیاری پزیشكی خێرایان لەبەردەستدا نییە بۆئەوەی وەڵامی خێرا لەسەر گشت كاریگەرییەكانی ئەم ڤایرۆسە وەربگرنەوە، چونكە پێویستیان بە كات هەیە بۆئەوەی دەرەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان ئاشكرابكەن".
پێویستە هاوڵاتیان لەسەر بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و نابێت بەكەم لەم گۆڕاوە بڕوانن
ئاماژەی بەوەشكردوە، "پێویستە هاوڵاتیان لەسەر بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و نابێت بەكەم لەم گۆڕاوە نوێیە بڕوانن، بەڵام خۆشبەختانە ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە ئەو كەسانەی كە بە پێكوتەكانی دژە تەنیان وەرگرتوە بەرگری جەستەیان بەهێزترە بەرامبەر بەو كەسانەی كە تەنها یەک یان دو ژەمە پێكوتەیان وەرگرتوە، چونكە هۆكارێكە بۆئەوەی بەرگری جەستە دژ بەم ڤایرۆسە گۆڕاوە بەرزببێتەوە".
تا ئێستا حاڵەتێكی توشبون بە ڤایرۆسی ئۆمیكرۆنی گۆڕاو (كراكن) لە عێراق تۆمار نەكراوە
لەلایەكی دیكەشەوە ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی هەریەكە لە وڵاتانی روسیا، کوەیت و ئەمریكا، یەكەمین حاڵەتی توشبونیان بەم ڤایرۆسە گۆڕاوە تۆماركرد و وەزیری تەندروستی عێراقیش رایگەیاند، "تا ئێستا حاڵەتێكی توشبون بە ڤایرۆسی ئۆمیكرۆنی گۆڕاو (كراكن) لە عێراق تۆمار نەكراوە، بەڵام بنكەكانی تەندروستی راسپێدراون بۆئەوەی ئاگاداری گۆڕانكارییەكانی ئەم ڤایرۆسە بن".