باڵیۆزی ئۆكرانیا لە عێراق لەبارەی دۆخی وڵاتەكەی و پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێم بۆ خەندان دەدوێت

07:50 - 07/01/2023

9715جار خوێندراوەتەوە

ئۆڵێكساندر بورچێنكۆڤ، باڵیۆزی گشتی ئۆكرانیا لە عێراق

خەندان- زامۆ بەكر عەبدولڕەحمان

باڵیۆزی ئۆكرانیا لە عێراق رایدەگەیەنێت، سەردانەكەی ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی سەرۆكی وڵاتەكەی بۆ كۆشكی سپی بەشێوەیەكی زۆر باش بەڕێوەچو و باس لە چەند پرسێكی ئەرێنی لەبارەی هاوكاریكردنی زیاتری كیێڤ و پێشكەشكردنی پاڵپشتیە سەربازییەكان كرا، دەشڵێت، "كوردستان بەشێكی دانەبڕاوە لە كۆماری عێراق و بەشێكی زۆر گرنگ و كاریگەرە لەم وڵاتە، پەیوەندیەكانیشمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان باشە و لەبەرەوپێشچوندان".  

 

ئۆڵێكساندر بورچێنكۆڤ، باڵیۆزی گشتی ئۆكرانیا لە عێراق لە میانی وەڵامی چەند پرسارێكی خەندان پەیوەست بە دۆخی وڵاتەكەی رایگەیاند، ئۆكرانیا چەند بنەمایەكی بۆ دوبارە گەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ روسیا دیاریكردوە، تاوەكو جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانەش هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەنجامنادەن. لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پەیوەندییەكانی ئۆكرانیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، باڵیۆز ئۆڵێكساندر دەڵێت، "هەرێمی كوردستان بەشێكی دانەبڕاوە لە كۆماری عێراق و بەشێكی زۆر گرنگ و كاریگەرە لەم وڵاتە، هەروەها پەیوەندیەكانمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان باشە و لەبەروپێشچوندایە".

 

خەندان: ئۆكرانیا زیاتر لە 10 مانگە لەگەڵ روسیا لە جەنگدایە، پلانی ئەمساڵی وڵاتەكە لەوبارەیەوە چیە؟ 

ئۆڵێكساندر بورچێنكۆڤ: جێبەجێكردنی ئەو 10 بنەما بنچینەییەی كە لەلایەن ڤۆڵۆدمیر زلێنسكیەوە پێشكەشكراون دەبنە هۆكارێكی پاڵنەر لە پێناو ئەوەی ئەم جەنگە شەڕانگێزیەی روسیا كۆتایی پێبێت، ئەو 10 بنەما بنچینەییەش بریتین لە (گرەنتیكردنی چالاكییە ئەتۆمی و تیشكاوەرییەكان، پاراستنی ئاسایشی خۆراك، پاراستنی ئاسایشی وزە، گرنگیدان بە سنورداركردنی نرخی سەرچاوەكانی وزەی ڕوسیا، ئازادكردنی سەرجەم دیل و راپێچكراوانی جەنگ، گەڕاندنەوەی یەكپارچەیی خاكی ئۆكرانیا و پابەندبون بە یاسا نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە رێزگرتن لە سنوری وڵاتانی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان، كشانەوەی هێزەكانی ڕوسیا و گەڕاندنەوەی سنورەكانی نێوان ئۆكرانیا و ڕوسیا بۆ دۆخی بەر لە ساڵی 2014).

ئامانجی سەرەكی دیداری ئاشتی بێبەشكردنی روسیایە لە ئامڕازەكانی بۆ ئەنجامدانی تاوان و دەستدرێژی دژ بە ئۆكرانیا و جیهان، داواش لە وڵاتانی جیهان دەكەین كە بەشداربن لە پرۆسەی جێبەجێكردنی ئەو 10 بنەما بنچینەیەی سەرۆكی ئۆكرانیا ولە لوتكەی ئاشتیشدا بەشداربن كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە لە كۆتایی ئەم مانگەدا وەك پلاتفۆڕمێكی سەرەكی ئەنجامدەدرێت.

خەندان: ئەنجامی سەردانەكەی ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا بۆ كۆشكی سپی چی بو؟ 

ئۆڵێكساندر بورچێنكۆڤ:  كۆبونەوەكەی سەرۆكی ئۆكرانیا و بەرپرسانی واشنتن بەشێوەیەكی زۆر جدییانە بەڕێوەچو و تێیدا باس لە چەند پرسێكی ئەرێنی لەبارەی هاوكاری كردنی زیاتری وڵاتەكەمان و پێشكەشكردنی پاڵپشتە سەربازییەكان كرا، بەگشتی سەردانەكەی سەرۆكی وڵاتەكەمان بۆ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەرێنی بو. 

خەندان: گلەییتان نیە لە ناتۆ، ئایا وەكو پێویست هاوكاری كردون؟ 

ئۆڵێكساندر بورچێنكۆڤ: ئۆكرانیا داواكارییەكی بەپەلەی پێشكەش بە رێكخراوی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) كردوە كە بە خێرای واژۆ لەسەر داواكاری بە ئەندامبونی ئۆكرانیا لە ناتۆدا بكات، ئەم داواكارییەش بە ( بەئەندامبونی خێرا) ناودەبرێت، تا ئەوكاتەی كە لە نێوان وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا كۆدەنگی لەسەر پێشنیازەكەی ئۆكرانیا دروستدەبێت و بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت، ئۆكرانیا داوایكردوە دو پێشنیازی دیكەی جێبەجێبكرێن كە یەكەمیان گەرەنتیە ئاسایشییەكانی ئۆكرانیا و دوەمیش پەیماننامەی ئاسایشی كیێڤە، كە ئامانج لەو دو پێشنیازە كۆكردنەوەی سەرچاوەی سیاسی، دارایی، سەربازی و دیپلۆماسی پێویستن بۆ بەرگریكردن لە ئۆكرانیا، هەردو پێشنیازەكەش بۆ ڕێگریكردنن لە شەڕانگێزی دەرەكی و پاراستنی سەروەری و یەكپارچەیی خاكی ئۆكرانیا.

خەندان: ئومێدێك هەیە بۆ ئاشتی و رێككەوتن لەمساڵدا؟ 

ئۆڵێكساندر بورچێنكۆڤ: پێنج مەرج لەلایەن ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا خراونەتەڕو لە بەرامبەر دوبارە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەگەڵ روسیا بەمەبەستی كۆتاییهێنان بەم جەنگ و شەڕانگێزییەی روسیا ئەوانیش، (گەڕاندنەوەی یەكپارچەیی خاكی ئۆكرانیا، ڕێزگرتن لە پەیمانی نەتەوە یەكگرتوەكان،  قەرەبوكردنەوەی گشت ئەو شوێنانەی بەهۆی هێرشەكانی روسیاوە زیانیان بەركەوتوە، سزادانی تاوانبارانی جەنگ، گرەنتیدان بە ئۆكرانیا و ئۆكرانیەكان بەوەی جارێكی دیكە بەهیچ شێوەیەك هێرشی لەمشێوەیە دوبارە نابێتەوە) تا ئەو مەرجانە جێبەجێنەكرێن، هەر دانوستانێك لەسەر ڕێككەوتنی ئاشتی پێشوەختە لەگەڵ روسیا هیچ بنەمایەكی نابێت و تەنها هەوڵێكە بۆ گێرانەوەی كات و دوبارە رێكخستەوەی هێزەكان لەپێناو ئەوەی جارێكی دیكە هێرشی دڕەندانەتر بكاتە سەر ئۆكرانیا.

خەندان: پێش شەڕی ئۆكرانیا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئۆكرانیا و عێراق چەند بو؟ ئایا ئەم جەنگە كاریگەری لەسەر هەبوە؟

ئۆڵێكساندر بورچێنكۆڤ: تا ئێستا ئاڵوگۆڕی نێوان عێراق و وڵاتەكەمان نەبوەتە هۆی كێشە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئۆكرانیا پێویستی سەرەكییە بریتییە لە هاوكارییە لۆجیستییەكان كە ئۆكرانیا پێویستی پێیانە لە پێناو بەرەنگاربونەوەی شەڕانگێزی روسیا.

خەندان: لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان پەیوەندیتان چۆنە؟ 

ئۆڵێكساندر بورچێنكۆڤ: كوردستان بەشێكی دانەبڕاوە لە كۆماری عێراق و بەشێكی زۆر گرنگ و كاریگەرە لەم وڵاتە، هەروەها پەیوەندیەكانمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان باشە و لەبەروپێشچوندان.