خەندان-
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گەنجینەکان ئامادەکاری تەواویان بۆ لیستی موچەی مانگی 12 کردوە و بڕیارە لە رۆژی سێشەممەوە دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت، دابەشکردنی موچەش بە هەمان خشتەی مانگی پێشو دەبێت.
سبەی هیچ بڕیارێک نییە بۆ دابەشکردنی موچە
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە بە خەندان-ی راگەیاند، سبەی دوشەممە بۆ رێکخستنەوەی خەرجی دارایی شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردو، لە بانکەکان پشو دەبێت و هیچ بڕیارێک نییە بۆ دابەشکردنی موچە.
بڕیارە لە رۆژی سێشەممەوە دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت
ئەوەشی خستەڕو، بڕیارە لە رۆژی سێشەممەوە بەگوێرەی هەمان خشتەی موچەی مانگی 11، موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی 12 دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
پێشوتر بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری داوای لیستی موچەی کردبو
ئەوەش لەکاتێکدایە 2022/12/21 بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم سەرجەم گەنجینەکانی ئاگادار کردەوە کە "بەپەلە" لیستی موچەی مانگی 12یان بۆ رەوانە بکەن، ئەو کات هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە رۆژی دوشەممە (2022/12/26) دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی 12 دەکرێت، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری بڕیاری لەسەر دابەشکردنی موچەدا.
دواکەوتنی دابەشکردنی موچەش گرفتێکی تهكنیكی بوه
30ی ئەم مانگەش جوتیار عادل، وتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگەیاند، دوای پشوی سەری ساڵ خشتەی موچە بۆ مانگی 12 بڵاودەکرێتەوە و دواکەوتنی دابەشکردنی موچەش "گرفتێکی تهكنیكی بوه. چونکە حكومهتی ههرێمی كوردستان تهنیا خهمی موچهی نییه، بهڵكو خهمی بنیاتنانی ژێرخانی ئابوریی ههرێمی كوردستانیشی هەیە."