مەسعود بارزانی: دەمانەوێت کێشەکان بە ئاشتی و دور لە نکۆڵیکاری چارەسەر بکرێن

11:40 - 31/12/2022

1732جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەمو کاتی خوازیاری ئەوەیە كێشە و گرفتەكانی لە ڕێگەی دیالۆگ و بە زمانی لەیەكتێگەیشتن و دوركەوتنەوە لە دەمارگیری و نكۆڵیكاری چارەسەر بكرێت، لەئێستاشدا هەلێكی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی لەسەر بنەمای "هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان" هاتوەتە ئاراوە.

گەلی كوردستان هەردەم بڕوای بە ئاشتی و برایەتی بوە بۆ چارەسەری کێشەکان

مەسعود بارزانی ئەمڕۆ بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا پیرۆزبایی لە هاوڵاتیان، کەسوکاری شەهیدان و هێزەکانی پێشمەرگە کردوە و ئەوەشی خستوەتەڕو، لەو بۆنەیەدا بە دەرفەتی دەزانێت جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان بكاتەوە، چونکە گەلی كوردستان هەردەم بڕوای بە ئاشتی و برایەتی بوە بۆ چارەسەری کێشەکان.

هەلێكی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی هاتوەتە ئاراوە 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش پێمانوایە ئێستا هەلێكی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق لەئارادایە و بە هەمو توانایەك پشتگیریی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە دەكەین كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەروەها لەنێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق بەستراون."

چاوەڕوانیمان هەیە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی دەستوردا بێت

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا دەکات لە حکومڕانی عێراقدا بنەمای "هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان" پەیڕەو بکرێت و لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئەو چاوەڕوانییە هەیە كە لە قۆناغی داهاتودا هەنگاوەكانی حكومەت و پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە چوارچێوەی دەستور و، بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی گەلانی عێراق و هەروەها ڕەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازاندا بێت".

نیشانەکردن

مەسعود بارزانی

بەپەلە