ئایا بەبێ یاسای بودجە، عێراق دەتوانێت موچەی مانگی یەکی 2023 خەرج بکات

01:42 - 30/12/2022

4210جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەگەڵ کۆتاییهاتنی ساڵی 2022 بەبێ یاسای بودجە و خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە رێگە دەدات حکومەت لەسەر بنەمای یەک لەسەر 12ی یاسای بودجەی ساڵی پێشو بەردەوام بێت لە خەرجکردنی موچە، بەڵام بۆ ساڵی 2023 بەهۆی ئەوەی لەمساڵدا یاسای بودجە نەبوە حکومەت روبەڕوی بۆشایی یاسایی بوەتەوە، بۆیە بۆ خەرجکردنی موچەی مانگی یەکی ساڵی تازە حکومەت پێویستی بە بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی دەبێت.

بە رەزامەندی دادگای فیدڕاڵی، دەتوانرێت موچەی مانگی یەک خەرج بکرێت
قاسم غراوی، شارەزایی یاسایی لە لێدوانێکدا بە سۆمەریەنیوزی راگەیاندوە، بۆ خەرجکردنی موچە و بەردەوامی خەرجکردنی بودجە بۆ پڕۆژە گرنگ و پێویستەکان، حکومەت پێویستی بەوەیە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، کارکردن بە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی بۆ درێژبکرێتەوە، بەوهۆکارەش حکومەت دەتوانێت لەسەر بنەمای یاسای بودجەی ساڵی 2021، موچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2023 خەرج بکات.
حکومەت دەتوانێت بەردەوام بێت لەکارکردن بەو یاسایە
ئاماژەی بەوەشکردوە، ماددەی 13 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت رێگە بە حکومەت دەدات تا پەسەندکردنی یاسای بودجەی ساڵی تازە، یەک لەسەر 12ی داهات بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵی پێشتر بۆ موچە خەرج بکات، بۆیە چاودێران باوەڕیانوایە حکومەت دەتوانێت بەردەوام بێت لەکارکردن بەو یاسایە.
دادگای فیدڕاڵی عێراق مۆڵەت بە حکومەت دەدات
چاودێرانی سیاسی و یاسایی باوەڕیانوایە دادگای فیدڕاڵی عێراق مۆڵەت بە حکومەت دەدات بۆ دوەم ساڵ لەسەر یەک بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت سەرەڕای نەبونی یاسای بودجە لەمساڵدا، ئەویش بەمەبەستی دابینکردنی خەرجیە پێویستییەکان و دروستنەبونی قەیرانێکی دیکە کە پەیوەست بێت بە موچەی فەرمانبەرانەوە.

نیشانەکردن

عێراق فەرمانبەران