خەندان-
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەکۆبونەوەیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی دەدات بۆ ئەوەی لە عێراق کاربکەن، جەختیش دەکاتەوە لەوەی کە بەغدا زۆر هەنگاوی لەپێناو سەقامگیریی و ئارامی ناوە.
ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئیتاڵییەکانیش لەعێراق کاردەکەن
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
دوای کۆبونەوەی لەگەڵ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەکرد، "عێراق سود لە ئەزمونی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان وەردەگرێت و ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئیتاڵییەکانیش لەعێراق کاردەکەن".
هەماهەنگی نێوانمان لەسەرجەم بوارەکان بەهێزتر دەکەین
ئەوەشی خستەڕو، بەغدا و رۆما کاردەکەن بۆ ئەوەی لەبوارەکانی وەبەرهێنان، هاوکاری سەربازی، ئابوری و چەندین بواری دیکەش هەماهەنگی نێوانیان بەهێزتر بکەن.
بەبێ عێراقێکی بەهێز، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشەسەندو نابێت
لای خۆیەوە جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا باسی لەوەکرد، "بەبێ عێراقێکی بەهێز، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشەسەندو نابێت. بۆیە سەردانەکەمان بۆ عێراق دەستپێكی بەهێز دەبێت لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات، بەهێزبونی عێراقیش لە قازانجی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە".
عێراق زۆر هەنگاوی لەپێناوی سەقامگیریی و ئارامی ناوە
وتیشی، "عێراق زۆر هەنگاوی لەپێناوی سەقامگیریی و ئارامی ناوە، لەبواری وەبەرهێنانیشدا کۆمپانیاکانی ئیتاڵیا هاوکارن لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق و لەبوارەکانی کلتورییشدا زیاتر هاوکاری یەکتر دەبین، چونکە ئێمە پەیوەندییەکانی بەهێز و شارستانییەتی هاوبەشمان هەیە".