سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

09:26 - 23/12/2022

2460جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای دو مانگ لە دەستبەکاربونی وەک یەکەمین ژنە سەرۆک وەزیران لە مێژوی وڵاتەکەیدا، ئەمڕۆ هەینی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و سەربازانی وڵاتەکەشی لە هەولێر بەسەر دەکاتەوە.

لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە سەردانی هەرێم دەکات
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی (23ـی کانونی یەکەم/دیسێمبه‌ری 2022)، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێدەکرێت.
پەرەپێدانی پەیوەندی دولایە لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کشتوکاڵ و وزە تاوتوێ دەکرێن
رۆژی 8ی ئەم مانگەش لە نامەیەکەدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کردبو، جۆرجیا میلۆنی دەڵێت، پەیوەندی دۆستانەی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان، مێژویەکی دور و درێژی هەیە و هەردولا هاوبەشن لە ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگییەکانی بەردەم ئاسایش و سەقامگیریی، لەم بوارانەشدا خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دوپات کردبویەوە، بەتایبەتی پەرەپێدانی پەیوەندی دولایەنە لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کشتوکاڵ و وزە.
ھێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ھەرێمی کوردستانن بەسەردەکاتەوە
دوای کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، جۆرجیا میلۆنی لەو سەردانەیدا ھێزەکانی وڵاتەکەی، کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و ھەرێمی کوردستانن بەسەردەکاتەوە.
 مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن
ئیتاڵیا 900 سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و ھەرێم ھەیە کە مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن، ئەو وڵاتە لە ساڵی 2014شەوە ئەندامە لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

جۆرجیا میلۆنی یەکەمین بەرپرسی باڵای ئیتاڵیا نییە کە سەردانی کوردستان دەکات، بەڵکو پێشوتریش ماتیۆ رێنزی، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری ئیتاڵیا لە 20ی ئابی 2014 بە یاوەری شاندێکی باڵا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.