خەندان-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرچەندە لەناوخۆی هەرێم ململانێ هەبو لەسەر ئەوەی کێ خاوەن دەستکەوتی رەوانەکردنی 400 ملیار دینارە لە بەغداوە بۆ هەولێر، بەڵام وەزیری دارایی فیدڕاڵی هێشتا رەزامەندی لەسەر رەوانەکردنی 400 ملیارەکە "دەرنەبڕیوە" و بۆ چارەسەری ئەو کێشەیەش دو رێگا پێشنیاز دەکات.
وەزیری دارایی هێشتا رەزامەندی لەسەر رەوانەکردنی 400 ملیارەکە دەرنەبڕیوە
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رەوانەکردنی 400 ملیار دینارەکەی بەغدا بڵاویکردەوە، "سەرباری ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 400 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردوە، بەڵام تائێستا وەزیری دارایی عێراق ڕەزامەندی نەداوە".
پێویستە ڕەزامەندی وەزیری دارایی وەربگیرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا دو ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەیە ئەوانیش بریتین لەوەی "ڕەزامەندی وەزیری دارایی وەربگیرێت یان سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر بەرپرسیاریەتی خۆی ڕەوانەی بکات."
دەتواندرێت لە مانگی یەکەوە سیستمی دابەشکردنی موچە بەتەواوی ڕێک بکرێتەوە
پەیوەست بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانیش، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "لە 25ی ئەم مانگەوە داهاتی نەوتی مانگی 12 دەگەڕێتەوە. بە 200 ملیاری بەغداو بەشێکی کەمی داهاتی ناوخۆ موچەی مانگی 12 دەدرێت. دەتواندرێت لە مانگی یەکەوە سیستمی دابەشکردنی موچەش بەتەواوی ڕێک بکرێتەوە."