خەندان تازەترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی موچەی مانگی 12 بڵاودەکاتەوە

04:42 - 21/12/2022

127809جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە سەرەتای هەفتەی داهاتو دەست بە دابەشکردنی مانگی 12 بکات و بۆ ئەو مەبەستەش گەنجینەکانی ئاگادار کردوەتەوە کە "بەپەلە" لیستی موچەی ئەم مانگەیان بۆ رەوانە بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری داوای لیستی موچەی مانگی 12ی کردوە

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم سەرجەم گەنجینەکانی ئاگادار کردوەتەوە کە "بەپەلە" لیستی موچەی مانگی 12یان بۆ رەوانە بکەن.

رۆژی دوشەممەی داهاتو (2022/12/26) دەست بە دابەشکردنی موچەی دەکرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی یەکشەممەی داهاتو 25ی کانونی یەکەم پشوی فەرمییە، بۆیە هەمو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن رۆژی دوشەممەی داهاتو (2022/12/26) دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی 12 بکرێت، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری بڕیاری لەسەر دابەشکردنی موچەدا.

چاوەڕێ دەکرێت موچەی چوار وەزارەت دابەشبکرێت 

پەیوەست بە دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکانیش، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری وتی، تاوەکو پێش سەری ساڵ چاوەڕێ دەکرێت موچەی چوار وەزارەت دابەشبکرێت بەگوێرەی لیستی وەزارەتەکان کە پێشوتر راگەیەنراون و دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکانی دیکەش دەکەوێتە دوای سەری ساڵ.

لە عێراق موچەی مانگی یەک دابەشدەکرێت 

ئەوەش لەکاتێکدایە وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق رایگه‌یاند، له‌ئه‌مڕۆ چواشه‌ممه‌وه‌ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (كانونی دوه‌م/1)ی 2023ی خانه‌نشینان و كرێكارانی  بیمه‌كراو ده‌كرێت و بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌رجه‌م بانكه‌كان ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌.