خەندان-
هەرچەندە ناکۆکی دو مانگی رابردوی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جۆرێک لە سستبونی کاروباری حکومەت، پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی دروستکردوە و هەرێمی کوردستانیشی بەرەو مەترسی لێکترازان بردوە، بەڵام بەشێک لە چاودێران دەڵێن، یەکێتی کارتی بەهێزی لەبەردەستدایەو لە ئەگەری بەکارهێنانیاندا لانیکەم دەتوانێت پشکی سلێمانی لە داهاتەکان و داواکارییەکانی لە یاسای هەڵبژاردندا جێگە بکاتەوە.
ناکۆکی هەردو حزب لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی داهات بەسەر پارێزگاکان چڕبوەتەوە
ماڵپەڕی "العرب"ـی بریتانی لە دوایین راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردوە و ئەوەی خستوەتەڕو، لەئێستادا ناکۆکی نێوان هەردو حزب لەسەر پرسی سەرۆکایەتی کۆمار و بەرکەوتەکانیان لە پۆستە وەزارییەکانی عێراق، گوازراوەتەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لەم کاتەدا ناکۆکی هەردو حزب لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی داهات بەسەر پارێزگاکان، هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دابەشکردنی دەسەڵات چڕبوەتەوە.
ئەو جۆرە تاکڕەویەشە کە ئێمەی نیگەران کردوە
13ی ئەم مانگە و لەدرێژەی هەڵوێستەکانی وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر سیاسەتی حکومەتی هەرێم، تیمی وەزاری یەکێتیی رایگەیاند، ناردنی 400 ملیار دینارەکەی بەغدا لەسەر بنەمای رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان بوە و راگەیەنراوەکەی حکومەتی هەرێمیش کە سەرۆکی حکومەتی وەک خاوەنی دەستکەوتەکە ناوبردوە، "بێڕێزیە بەرامبەر تیمەکەمان و دوبارە تەعبیرکردنە لە ڕای یەک حزبی ناو حکومەت. هەر ئەو جۆرە تاکڕەویەشە کە ئێمەی نیگەران کردوە و وای لێ کردوین هەڵوێستمان هەبێت."
یەکێتی بیر لە بایکۆتی بەردەوام یان کشانەوە لە حکومەتی هەرێم دەکاتەوە
پەیوەست بەم بابەتەش مەحمود خۆشناو، کادیری پێشکەوتوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی ناکۆکییەکانی حزبەکەی لەگەڵ پارتی دەڵێت، یەکێتی دەیەوێت کاروباری حکومەت هاوسەنگ بن لەناوچەکان و سەرکەوتوش بێت لە کارەکانیدا، هەروەها کار دەکات بۆ دورخستنەوەی هەر شکستێکی گریمانەکراو کە رەنگە لە داهاتو روبەڕوی ببێتەوە، بەڵام ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە بایکۆتی بەردەوام یان کشانەوە لە حکومەتی هەرێم دو بژاردەن کە تاوتوێی دەکەن.
یەکێتی دەتوانێت فشاری گەورە لەسەر پارتی دروستبکات
ماڵپەڕی "العرب" نوسیویەتی، چاودێرانی دۆخی هەرێم باوەڕیانوایە یەکێتی بەهۆی ئەو کارتانەی لەبەردەستیدایە، دەتوانێت فشاری گەورە لەسەر پارتی دروستبکات و ناچاری بکات بۆ سازشکردن، بەلانیکەم پەیوەست بە پشکی سلێمانی لە داهات و یاسای هەڵبژاردنەکان.
هەمو لایەنەکانی هەرێم قۆرخکاری پارتی رەتدەکەنەوە
چاودێران دەڵێن، یەکێتی و هێزەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان تێبینییان لەسەر دۆخی سیاسی و "قۆرخکاری" پارتی هەیە لەسەر جومگەکانی دەسەڵات و لەماوەی رابردوشدا لەسەر ئاستی باڵا کۆبونەتەوە کە ئەوەش وەک دروستکردنی کۆدەنگیەک لەلایەن یەکێتیەوە سەیر دەکرێت، هەروەها پەیوەندی بەهێز ئەو حزبە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراقیش کە ئێستادا لە بەغدا دەسەڵاتدارن، بە خاڵێکی بەهێز بۆ یەکێتی هەژمار دەکرێت.
لە کاتی پێویستدا لە بەرپرسیاریەتی رادەکەن
لای خۆیەوە پارتییش تێبینی لەسەر تیمی حکومەتی یەکێتی هەیە و لەدوایین راگەیەنراوی تیمی وەزاری ئەو حزبەدا لە حکومەتی هەرێم دەڵێت، تیمی یەکێتی ئامادە نەبوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بچێتە بەغدا و "لە کاتی پێویستیشدا لە بەرپرسیاریەتی رادەکەن"، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بەغدا 400 ملیار دینارەکەی وەک دەربڕینی نیازپاکی و پابەندبون بە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت بۆ هەرێمی کوردستان ناردوە.