لە بەغدا هێزە ئەمنییەکان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

08:30 - 08/12/2022

2604جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەسەر بانگەوازی چالاکوانانی عێراق چاوەڕێ دەکرێت دژی سەپاندنی سزا بەسەر چالاکوانێک لەلایەن دادگای عێراقەوە بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە حەشدی شەعبی، خۆپیشاندان لە بە‌غدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە بەغدا هێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

هێزە ئەمنییەکان بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ پاراستنی یاسا

لە نامەیەکەدا کە دەستەی ئۆپراسیۆنەکانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا ئاڕاستەی سەرجەم یەکەکانی وەزارەتی ناوخۆی کردوە و وەک فەرمانێکی نهێنی و بەپەلە دەرچوە، ئاماژە بەوەکراوە پێویستە سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ پاراستنی یاسا.

هێزەکان لە شوێنی جیاواز جێگۆڕکێیان پێدەکرێت

ئەوەش خراوەتەڕو، ئەوانەی لە شوێنەکاندا بڵاوەیان پێدەکرێت نابێت چەکیان لابێت و بەگوێرەی پێویستیش هێزەکان لە شوێنی جیاواز جێگۆڕکێیان پێدەکرێت، لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک کە رەنگ بێت روبدات.

 سێ خۆپیشاندەر کوژران و 21 کەسی دیکەش برینداربون

ئەوەش لەکاتێکدایە شەوی رابردو لە پارێزگای زیقار خۆپیشاندانی ناڕەزایی هاوڵاتیان بەڕێوەچو و بەهۆی روبەڕوبونەوەشیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، سێ خۆپیشاندەر کوژران و 21 کەسی دیکەش برینداربون، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە بەغداش خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لەو چالاکوانە ئەنجام بدرێت.

 بە سێ ساڵ بەندکردن سزادرا بەتۆمەتى ناو زڕاندنى هێزە ئەمنییەکان

لە خۆپیشاندانەکەی شەوی رابردوی پارێزگای زیقار داواکرا حەیدەر زەیدى ئازاد بکرێت، ناوبراو  5ی ئەم مانگە سزادرا بە سێ ساڵ بەندکردن بەتۆمەتى ناو زڕاندنى هێزە ئەمنییەکان.

No description available.

نیشانەکردن

عێراق