دوای کەوتنەوەی دەیان قوربانی، سودانی لیژنەیەکی ئەمنی رەوانەی زیقار دەکات

09:28 - 07/12/2022

3360جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی ئەمشەوی پارێزگای زیقار لە باشوری عێراق سێ کەس کوژران و 21 کەسی دیکەش برینداربون، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای ئەمنی رەوانەی پارێزگاکە کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە و هۆکاری کەوتنەوەی دەیان قوربانی.

 لیژنەیەکی باڵای ئەمنی رەوانەی پارێزگای زیقار کرد
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لیژنەیەکی باڵای ئەمنی رەوانەی پارێزگای زیقار کرد کە ئەمشەو بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە کوژراو بریندار لە ریزی خۆپیشاندەران کەوتوەتەوە.
لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەکات کە دەیان قوربانی لێکەوتوەتەوە
ئەوەش هاتوە، ئەرکی لیژنەکە بۆ لێکۆڵینەوەیە لە چۆنیەتی روداوەکان و کەوتنەوەی کوژراو و بریندا لەریزی خۆپیشاندەران.
24 کەس بونە قوربانی
ئەمشەو دژی سەپاندنی سزا بەسەر چالاکوانێک لەلایەن دادگای عێراقەوە بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە حەشدی شەعبی، لە پارێزگای زیقار خۆپیشاندان بەڕێوەچو و لە ئەنجامی روبەڕوبونەوەش لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان 24 کەس بونە قوربانی.
 بە سێ ساڵ بەندکردن سزادرا بەتۆمەتى ناو زڕاندنى هێزە ئەمنییەکان
لە خۆپیشاندانەکەی ئەمشەوی پارێزگای زیقار داواکرا حەیدەر زەیدى ئازاد بکرێت، ناوبراو  5ی ئەم مانگە سزادرا بە سێ ساڵ بەندکردن بەتۆمەتى ناو زڕاندنى هێزە ئەمنییەکان.
 سێ کەس کوژران و 21 کەسی دیکەش برینداربون
لە ئەنجامی روبەڕوبونەوەی ئەمشەوی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانیش سێ کەس کوژران و 21 کەسی دیکەش برینداربون.
 فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک چالاکوان دەرکراوە
چالاکوانانی زیقار دەڵێن، بڕیاربو خۆپیشاندان بەردەوامی هەبێت و لە ناوچەکانى دیکەى زیقاریش ئەنجامبدرێت، لەسەر ئەو بنەمایەش فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک چالاکوان دەرکراوە بەتۆمەتى ئەوەى سەرپەرشتى خۆپیشاندانەکان دەکەن.

نیشانەکردن

عێراق