مستەفا سەید قادر: بۆ پاراستنی کوردستان پێویستیمان بە ستراتیژێکی نیشتیمانییە

03:29 - 07/12/2022

1110جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی گشتی بریتانیا لە هەولێر کۆبوەوە و رایگەیاند، جەخت لەسەر برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بریتانیا لەسەرجەم بوارەکان دەکەنەوە و لە ئاستی ناوخۆش بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان، بونی دید و ستراتیژێکی نیشتیمانیانە بەگرنگ و پێویست دەزانن.

باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان کرا
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا بێاوکردەوە،  مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئۆفیسی سەرەکی خۆی لە هەولێر، پێشوازی لە دەیڤید هەنت، کونسوڵی گشتی بریتانیا و وەفدێکی یاوەریکرد، لەو دیدارەدا کە کونسوڵی گشتی بریتانیا بەمەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی جێگری سەرۆکی هەرێمی کرد بو، تێیدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.
بە بایەخەوە باسی لە بونی دیدێک و ستراتیژێکی نیشتیمانی کرد بۆ پاراستنی هەرێم
ئەوەش هاتوە، جێگری سەرۆکی هەرێم جەختی لە گرنگی و پاراستنی هەرێمی کوردستان کردەوە و بە بایەخەوە باسی لە بونی دیدێک و ستراتیژێکی نیشتیمانی کرد و بەڕاشکاوی تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێم و گوزەرانی خەڵک و چاکسازی لە حکومەت خستە ڕو، هەردولاش هاوڕابون لە سەر گرنگی و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان لەسەر ئاستی کەلتوری، سیاسی، خوێندنی باڵا، ئابوری و بازرگانی و رەخساندنی زەمینەی زیاتر بۆ کۆمپانیاکانی بریتانیا بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستان. 
ستایشی پشتیوانییەکانی بریتانیا و هاوپەیمانانی کرد
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، جێگری سەرۆکی هەرێم ستایشی پشتیوانییەکانی بریتانیا و هاوپەیمانانی کرد لە پێناو سەقامگیری هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانیان بۆ نەهێشتنی ناکۆکی و جیاوازییەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان، هەروەها باشتر کردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

نیشانەکردن

سەرۆکایەتی هەرێم