پەروەردە لەبارەی داهاتی "حانوتی خوێندنگاکان" وەڵامی پەرلەمانتارێک دەداتەوە

02:58 - 07/12/2022

943جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لەبارەی داهاتی (حانوت)ی خوێندنگاکان و گەڕانەوەی ئەو داهاتە بۆ هەولێر وەڵامی ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، بەگوێرەی یاسا ئەو داهاتە لەبەردەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دەبێت و بۆ پێداویستییەکانیان بەکاردەهێنرێتەوە، رەتیشیدەکاتەوە ئەو داهاتە بۆ هەولێر بگەڕێتەوە.

دوێنێ کاروان گەزنەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک ئاماژەی بەوەکردبو، "حکومەت گەمارۆیەکی ناشەریفانەی سلێمانی دەدات،  نە پارە دەنێرێت و نە ڕێگە بە تەواو بونی پڕۆژەکانی دەدات، لە کاتێکدا زیاتر لە ملیارێک دۆلار داهاتی هەرێمە و ئەم پارانە دیزە بەدەرخۆنە دەکرێن؛ تەنانەت داهاتی حانوتی خوێندنگەکانیش دەچێتەوە بۆ هەولێر، نەک هەر پارە لە هەولێرەوە نایەت".
 
ئەمڕۆش وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، "داهاتی فرۆشگەی (حانوت)ی قوتابخانەکانی پەروەردەی گشتیی سلێمانی بۆ ئەمساڵی خوێندن  بریتی بوە لە (3٫910٫023٫000)سێ ملیار و نۆسەد و دە ملیۆن و بیست و سێ هەزار دینار، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەڵەبجە بریتی بوە لە (219٫000٫000) دوسەد و نۆزدە ملیۆن دینار، بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی گەرمیان بریتی بوە لە (462٫714٫000)چوارسەد و شەست و دو ملیۆن و حەفت سەد و چواردە هەزار دینار، بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی راپەڕین بریتی بوە لە (546٫722٫000) پێنج سەدو چل و شەش ملیۆن و حەفت سەدو بیست و دو هەزار دینار".

ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەو پارانە نەهاتوەتە هەولێر، لەبەر دەستی بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین بوە و بە گوێرەی رێنمایی ژمارە(1) ساڵی (2022) پارەکەیان وەرگرتوە لای خۆیان و دابەشیانکردوەتەوە بەسەر ناوەندەکانی خوێندن و ئەوەی دیکەش بوەتەوە داهات بۆ پەروەردەکان بۆ ئەوەی بۆ بابەتی راهێنان، چالاکی وەرزشی، هونەری، پێداویستیەکانی پەروەردەکان و ناوەندەکانی خوێندن خەرجی بکەن،  تەنانەت ئەمە بۆ پەروەردەی گشتیی دهۆک و زاخۆ و سۆرانیش بەهەمان شێوەیە، بە نمونە پارەی فرۆشگەی قوتابخانەکانی دهۆکیش نایەتەوە بۆ هەولێر، سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەش بەهەمان شێوەن.

نیشانەکردن

پەروەردە