مەزڵوم كۆبانێ: ئێمە دڵسۆزترین هاوپەیمانی ئەمریکاین لە سوریا، لەبیرمان مه‌كه‌ن

09:58 - 04/12/2022

4908جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

مەزڵوم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند، ئه‌و كۆبانێیه‌ی كه‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی دژی داعش پێكهێنرا و كۆتایی به‌ تیرۆری ئه‌و رێكخراوه‌ هێنرا، ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌كرێته‌ سه‌ر، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌لایه‌ن ئه‌ندامێكی ناتۆوه‌، ده‌شڵێت، "کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە توندی دژی لەشکرکێشییەکی تورکیا بوایه‌ ئه‌وا شته‌كان جیاوازتر ده‌بون له‌ ئێستا،"، ئه‌وان دڵسۆزترین هاوپەیمانی ئەمریکاین لە سوریا و داوا ده‌كات له‌بیر نه‌كرێن.

مەزڵوم كۆبانێ له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، نوسیویه‌تی، "لە ساڵی 2014دا جیهان زانیاریی لەسەر زێدی من کۆبانێ و گەلەکەم (کوردی سوریا) زانی، کاتێک بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانان یەکەم شکستی گەورەمان به‌سه‌ر دەوڵەتی ئیسلامی هێنا، ئەو هاوپەیمانێتیه‌ی لەوێ دروستمان کرد، بوەهۆی کۆتاییهاتنی خەلافەتی داعش لە ساڵی 2019، ئەمڕۆ، کۆبانێ دیسانەوە لە ژێر هەڕەشەدایە و هەمو دەستکەوتەکانی ئەو هاوبەشییانە لە مەترسیدان".

 ئەمجارەیان هەڕەشەکە لە تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامییەوە نییە، بەڵکو لە هاوپەیمانێکی ئەمریکا و ئەندامێکی ناتۆوە دێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئەمجارەیان هەڕەشەکە لە تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامییەوە نییە، بەڵکو لە هاوپەیمانێکی ئەمریکا و ئەندامێکی ناتۆوە دێت، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە حکومەتی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆمب بەسەر شارەکانماندا دەبارێنێت و خەڵکی سڤیل دەکوژێت و ژێرخانی مەدەنی گرینگی لەناودەبات و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش دەکاتە ئامانج کە کاردەکەن بۆ ئەوەی داعش بمێنێتەوە.
شکستی سەربازی دەوڵەتی ئیسلامی هەرگیز تاکە ئامانجی ئێمە نەبوە
مەزڵوم كۆبانێ ده‌ڵێت، "شکستی سەربازی دەوڵەتی ئیسلامی هەرگیز تاکە ئامانجی ئێمە نەبوە، هەنگاومان ناوە بۆ چه‌سپاندن و بنیاتنانی سیستەمێک لەسەر بنەمای گشتگیری و فرەیی و یەکسانی، بۆ نمونە لە ڕەققە کە ڕۆژێک ئەبوبەکر بەغدادی بەسەر خاکی داعشدا حوکمڕانی دەکرد، ئێستا ژنانی سوریا سەرکردەی دیارن".
لە ساڵی 2015 هێزەکانی سوریای دیموکراتمان دامەزراند، کە هاوپەیمانێتییەکه‌ لە کورد و عەرەب و ئاشورییەکان
فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ باسی له‌وه‌شكردوه‌، "لە ساڵی 2015 هێزەکانی سوریای دیموکراتمان دامەزراند، کە هاوپەیمانێتییەکه‌ لە کورد و عەرەب و ئاشورییەکان و پابەندن بە تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی، لە هەر شارێکدا کە ئازادمان کرد، گەلەکەمان ئیدارەی خۆجێیی دروست دەکرد کە بۆ یەکەمجار لە سوریا نوێنەرایەتی هەمو نەتەوە و ئایینەکان دەکرد و دەسەڵاتی یەکسانیان بە ژنان دەبەخشی".
به‌هۆی هێرشێكه‌وه‌ له‌سه‌ر سنوری شاری دێریک زیاتر لە 10 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوه‌
له‌باره‌ی هێرشه‌ موشه‌كییه‌كانی توركیا، مه‌زڵوم كۆبانێ ده‌ڵێت، "به‌هۆی هێرشێكه‌وه‌ له‌سه‌ر سنوری شاری دێریک کە شوێنی نیشتەجێبونی کورد و ئێزیدی و مەسیحییەکانە، زیاتر لە 10 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوه‌، یەکێکی دیكه‌ له‌ هێرشه‌كان بنکەی نزیک شاری حەسەکەی کردە ئامانج، کە بنكه‌یه‌كی هاوبه‌شی دژه‌ تیرۆر و ئه‌مریكییه‌كانه‌، له‌وێ کاردەکەین بۆ پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش، تەنها سەدان مەتر لە هێزەکانی ئەمریکاوە دوربو، من پێموایە هەوڵێک بۆ به‌ئامانجگرتنی من، تورکیا ئەمساڵ چەند هاوکارێکی منی لە هێزەکانی هه‌سه‌ده‌ و ئیدارەی ئێمەی تیرۆر کردوە".
ئەردۆگان بەردەوامە لە هەڕەشەی لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر خاکەکەمان
رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، "بە زیادکردنی تیرۆر و ئاژاوەی هەڵمەتی بۆردومانەکە، ئەردۆگان بەردەوامە لە هەڕەشەی لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر خاکەکەمان، ئێمە دەزانین لێکەوتەی هێرشێکی لەو شێوەیە چی دەبێت، چونکە تورکیا پێشتر دوجار ئەم کارەی کردوە".

به‌هۆی لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ساڵی 2018 و سه‌رێ كانی و گرێ سپی لە ساڵی 2019 سەدان هەزار کەسی ئاوارە بون و شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی پەکخست.
لەو شوێنانەی کە ئیدارەی ئێمە سەردەمانێک پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئازادی ئایینی و مافەکانی ژنانی پاراستوە
فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ ده‌شڵێت، "لەو شوێنانەی کە ئیدارەی ئێمە سەردەمانێک پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئازادی ئایینی و مافەکانی ژنانی پاراستوە، هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکانی سەر بە تورکیا، پێشێلکاریی بەرامبەر بە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ژنان ئەنجام دەدەن، لە سەردەمی ئیدارەی ئێمەدا عەفرین تاکە بەشی باکوری ڕۆژئاوای سوریا بو کە ئیسلامییە توندڕەوەکان دەستی لێنەدابو، بەو پێیەی ناوچەکە کەوتوه‌تە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا، گروپەکانی سەر بە ئەلقاعیدە بە ئازادی لەسەر خاکەکەی چالاکی دەکەن، هاوینی ئەمساڵ، هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا، ماهر ئەلئەگال، سەرکردەیەکی باڵای داعش لەوێ کوژرا".
کردەوە تیرۆریستییەکەی ئیستانبوڵ سه‌ركۆنه‌ دەکەین
له‌باره‌ی بیانوی توركیا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر باكور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كه‌ ده‌ڵێت، "كوردانی سوریا ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئیسانبوڵیان ئه‌نجامداوه‌"، مه‌زڵوم كۆبانێ نوسیویه‌تی، "ئێمە ئەو کردەوە تیرۆریستییە سه‌ركۆنه‌ دەکەین، هەمو تۆمەتەکانی تێوەگلان ڕەتدەکەینەوە و دیسانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی قوربانییەکان دەکەین، ئێمە بانگەوازی خۆمان بۆ لێکۆڵینەوە دوپاتدەکەینەوە و ئامادەین هاوکاری بکەین ئەگەر لێکۆڵینەوەیەک بكرێت".
 ڕەگ و ڕیشەی ئەو ململانێیانەی کە ئەوەندە ئازار و مەینەتی بۆ ناوچەکەمان هێناوە، سیاسین
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "پێمانوایە ڕەگ و ڕیشەی ئەو ململانێیانەی کە ئەوەندە ئازار و مەینەتی بۆ ناوچەکەمان هێناوە، سیاسین، ڕق و کینەیەکی سروشتی لە نێوان کورد و تورکدا نییە، سەرکردەکانی تورکیا ئەو هەڵبژاردنە سیاسییەیان کردوە کە کورد وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی ببینن و لە مافە بنەڕەتییە دیموکراسییەکانمان بێبەش بکەن، لە ماوەی ڕابردودا ئەردۆگان دانوستانی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری نێوان ئەو گروپە و دەوڵەتی تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگای ئاشتیانە".
کاتێک ئەو گفتوگۆیانە دەکران، ئێمە لەگەڵ دراوسێ تورکەکانمان بە ئاشتی دەژیاین
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "کاتێک ئەو گفتوگۆیانە دەکران، ئێمە لەگەڵ دراوسێ تورکەکانمان بە ئاشتی دەژیاین، ئەگەر ئەوان دوبارە دەستپێبکەنەوە، ئێمە دەتوانین جارێکی دیكه‌ گفتوگۆ ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه‌".
ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە توندی دژی لەشکرکێشییەکی تورکیا بوەستابا ڕەنگە شتەکان زۆر جیاوازتر بونایە
په‌یوه‌ست به‌ رۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، مه‌زڵوم كۆبانێ رونیكردوه‌ته‌وه‌، "ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە توندی دژی لەشکرکێشییەکی تورکیا بوەستابا و بۆ ئاشتی قسەی بکردایە، ڕەنگە شتەکان زۆر جیاوازتر بونایە، هەرچەندە کەس ناتوانێت کات بگەڕێنێتەوە دواوە، بەڵام دەتوانین لە کارەساتەکانی ڕابردو فێربین".
ئامادەین ڕۆڵێکی یارمەتیدەر بگێڕین لە دەستپێکردنەوەی ئەو دانوستانانە و گەیشتن ئاشتی
فه‌رمانده‌ی هه‌سه‌ده‌ له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنی دانوستانه‌وه‌ وتویه‌تی، "ئامادەین ڕۆڵێکی یارمەتیدەر بگێڕین لە دەستپێکردنەوەی ئەو دانوستانانە و گەیشتن بەو ئاشتییەی کە بەدوایدا دەگەڕێین، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەستبەجێ هەنگاوی کۆنکرێتی بنێن بۆ رێگرتن لە لەشکرکێشی تورکیا و بەرەوپێشبردنی چارەسەری سیاسی بۆ ململانێی کورد لەسەر بنەمای دیموکراسی و پێکەوەژیان و مافی یەکسان، بونی گەلەکەمان و ئاسایشی ناوچەکە پەیوەستە بەوەوە".