پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر دەستبەکاربونی دو وەزیری کورد دەدات

06:58 - 02/12/2022

6256جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سبەی شەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و یەکێک لە بڕگەکانی بەرنامەی کاریش بریتییە لە متمانەدان بە هەردو وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ژینگەی عێراق کە یەکەمیان لە پشکی پارتی و دوەمیشیان لە پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەستبەکاردەبن.

پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر دو پۆستی وەزاری کورد کۆدەبێتەوە 

كوردە عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ خەندان-ی راگه‌یاند، سبەی شەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر دو پۆستی وەزاری کورد لە حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە کە یەکێکیان لەلایەن یەکێتی و ئەوی دیکەشیان لەلایەن پارتییەوە کاندید کراون، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ پۆستی وەزیری ژینگە (نزار ئامێدی) کاندید کردوە.

نزار ئامێدی:

ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها فراکسیۆنی پارتیش بەنگین رێکانی بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە کاندید کردوە و سبەی لە پەرلەمان هەردو وەزیرەکە بەیەکەوە دەنگیان لەسەر دەدرێت.

بەنگین رێکانی:

 
وەزیری ئاوەدانکردنەوە بۆ پارتی و وەزیری ژینگەش بۆ یەکێتی یەکلاییکرانەوە 

لەئێستادا پارتی و یەکێتی هەر کامێکیان خاوەنی دو وەزیرن لە حکومەتی عێراق کە بەم جۆرەیە: فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە (پارتی)، خالید شوانی وەزیری دادی عێراق (یەکێتی)، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە پشکی پارتی (بەنگین رێکانی)، وەزیری ژینگەی عێراق لە پشکی یەکێتی (نزار ئامێدی).

راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئێزدییەکان دەدرێت بە پارتی

بەگوێرەی زانیارییەکانی خەندان لە چوارچێوەی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پۆستی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدییەکانیش دەدرێت بە پارتی دیموکراتی کوردستان، هەرچەندە تائێستا بە فەرمی کاندیدی ئەو پۆستە یەکلایینەکراوەتەوە، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت پارتی ڤیان دەخیل بۆ ئەو پۆستە كاندید بکات.