عومه‌ر ئۆجه‌لان بۆ ئه‌ردۆگان: چیت لە منداڵانی کۆبانێ دەوێت

08:54 - 01/12/2022

4343جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عومه‌ر ئۆجه‌لان، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ په‌یامێكدا بۆ سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌ڵێت، "ماوەی هەفتەیەکە کۆبانێ بۆردومان ده‌كه‌یت، چیت لە منداڵانی کۆبانی دەوێت؟".

عومه‌ر ئۆجه‌لان، جگه‌ له‌وه‌ی په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌یه‌ برازای عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری زیندانیکراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)یه‌‌ له‌ وتارێكدا له‌ په‌رله‌مانی توركیا له‌باره‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژئاڤای كوردستان له‌ په‌یامێكدا بۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، رایگه‌یاند، "تۆ وەک خوێنمژێک وایت بۆنی خوێن دەکەیت، ئایا بەم شێوەیە دەچیتە هەڵبژاردن؟ خەڵک دەمرن، تابوت ده‌هێنن، کەسێک دەچێت لە سەری ئەو تابوتانە سیاسەت دەکات، زەمینە بۆ ئەمە ئامادە خۆش ده‌كه‌ن، چیت له‌ كۆبانێ ده‌وێت".

چه‌ند رۆژێكە تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی زه‌مینی ده‌كات
ماوه‌ی زیاتر زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ هێرشی ئاسمانی و موشه‌كی سوپای توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاڤای كوردستان چڕبوه‌ته‌وه‌ و چه‌ند رۆژێكیشه‌ تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی زه‌مینی ده‌كات، له‌ ئێستاشدا له‌ناوچه‌كانی کۆبانیِ و قامیشلۆ کە بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە کاریگەری خراپی لەسەر ژیان هەبوە، خەڵک زۆر نیگەرانن لە هەڕەشەکانی "ئۆپەراسیۆنی زەمینی".
تورکیا مۆڵەت لە هیچ لایەنێک وەرناگرێت بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی
ئیبراهیم کالن، وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند، "تورکیا مۆڵەت لە هیچ لایەنێک وەرناگرێت بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی، رەنگە ئۆپەراسیۆنەکە سبەی یان هەفتەی داهاتو، یان لە هەر ساتێکدا بێت ده‌ستپێبكات".
ئەمریکییەکان دەڵێن ناڕەحەتن، روسەکان بە هەمان شێوە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەمریکییەکان دەڵێن ناڕەحەتن، روسەکان بە هەمان شێوە، ئەوانی دیکەش شتێکی تر دەڵێن، ڕەنگە بەڕاستی ناڕەحەت بن، بتوانن هەڵوێستەکانیان دەرببڕن، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر هەنگاوەکانمان نایکات".
فەرماندەی هێزەکانی ڕوسیا لە سوریا  هۆشداری کۆتایی بە مەزلوم كۆبانێ گەیاندوە
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەلێکساندەر چایکۆ، فەرماندەی هێزەکانی ڕوسیا لە سوریا، سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی تورکیا، هۆشداری کۆتایی بە مەزلوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە گەیاندوە.
 مۆسکۆ ناتوانێت رایبگرێت ئەگەر هه‌مو هێزەکانی سوریای دیموكرات نەکشێنەوە 
ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ئەو بەرپرسە روسییە بە سەرکردە کوردەکەی راگەیاندوە، تورکیا پێداگری لەسەر ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەکات و مۆسکۆ ناتوانێت رایبگرێت ئەگەر هه‌مو هێزەکانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) لە عەین ئەلعەرەب (کۆبانێ) و منبج و تەل ڕه‌فعەت نەکشێنەوە و ناوچەکە رادەستی هێزەکانی ڕوسیا و سوپای ڕژێمی سوریا نه‌کەن.

لایخۆیه‌وه‌  مه‌زڵوم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات رایگه‌یاند، داوا لە هێزەکانی نەکراوە لە هیچ ناوچەیەکی دیکەی باکوری سوریا بکشێنەوە و ئەگەر داوایان لێبکرێت رەتیدەکەنەوە.