لە فڕەنسا ژمارەی زیندانیکراوان بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزدەبێتەوە

11:52 - 27/11/2022

2506جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژمارەی زیندانیکراوان لە فڕەنسا لە 73000 کەس نزیک دەبێتەوە کە لەئێستادا لە زیندانەکان و یەکەی چاکسازیدا راگیراون کە ئەوەش 120%ـی توانای زیندانەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ وەرگرتن و جێکردنەوەی زیندانییەکان، ئەو ژمارەیەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دادەنرێت لە مێژوی ئەو وڵاتەدا.

ژمارەی زیندانیکراوان لە 73000 کەس نزیک دەبێتەوە
ئاژانسی هەواڵی فڕەنسا لە دوایین راپۆرتی خۆیدا دەڵێت، لەئێستادا ژمارەی زیندانیکراوان لە زیندانەکان و یەکەی چاکسازی وڵاتەکەیاندا لە 73000 کەس نزیک دەبێتەوە، ئەوەش لە سەروی توانای زیندانەکانە بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی زیندانیکراو، بەجۆرێک لەم کاتەدا رێژەی زیندانیکراوان گەیشتوەتە 120% توانای لەخۆگرتنی چاکسازییەکان لەکاتێکدا ساڵی رابردو رێژەکە 115.4% بوە.
دو هەزار و 200 زیندانیکراو شوێنەکانیان گونجاو نییە
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەمساڵ سێ هەزار زیندانی دیکە نێردراون بۆ بەشی چاکسازی، بەوهۆیەش دو هەزار و 200 زیندانیکراو سیتمی گونجاوی خەوتنیان نییە و لەسەر زەوی ناو زیندانەکان دەمێننەوە.
یەک لەسەر چواریان  چاوەڕێی بڕیاری ئازادکردن دەکەن
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، نزیکەی یەک لەسەر چواری ئەو زیندانیانە بەشێوەیەکی کاتی لە زیندان راگیراون و تۆمەتی جۆراوجۆریان دراوەتەپاڵ، بۆیە لەئێستادا چاوەڕێی بڕیاری ئازادکردن یان یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکانیان دەکەن.

نیشانەکردن

فڕه‌نسا