خەندان-
راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەگەڵ بەڕێوەبەری هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی کۆبوەوە و رایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق پشتیوانی لە دۆسیەی بە ئەندامبونی بەغدا لەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە دەکات.
پرسی ئەندامیەتی عێراق لەو رێکخراوە تاوتوێ کرا
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ عوسما بلبیسی، بەڕێوەبەری هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی و باکوری ئەفریقای رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی کۆبوەوە، لەکۆبونەوەکەدا پرسی ئەندامیەتی عێراق لەو رێکخراوە تاوتوێ کراوە.
جەختیان لە بەردەوامی هاوکاری دولایەنە کردوەتەوە
لە راگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا باس لەوەشکراوە، هەردو بەرپرس باسیان لە چالاکییەکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە عێراق کردوە و جەختیان لە بەردەوامی هاوکاری دولایەنە کردوەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانەی رێکخراوەکە لە عێراق جێبەجێیان دەکات.
پشتیوانی ئەندامیەتی عێراق دەکەین لە کۆچی نێودەوڵەتی
راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەڵێت، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق پشتیوانی ئەو داواکارییە دەکات کە داوای بە ئەندامبونی بەغدا دەکات لە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ئەویش بە ئامانجی زیادکردنی پڕۆژەکانی ئەو رێکخراوە بۆ چین و توێژەکان کە ڕوبەڕوی زیان بونەتەوە و ناچارن لە شوێنەکانیانی خۆیان کۆچ بکەن.
تائێستا ئەو پڕۆژەیە نەچوەتەبواری جێبەجێکردنەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2014دا پڕۆژەیەکی پەسەندکرد بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئەندام لە ئەنجومەنی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، بەڵام بەهۆی رێکارە یاسایی و پەرلەمانییەکان تائێستا ئەو پڕۆژەیە نەچوەتەبواری جێبەجێکردنەوە.
