خەندان-
ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامانجى باشتر بەکارهێنانی گازی LPG و خستنەڕوى ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی له‌سه‌ر گرنگیی ئه‌و بابه‌ته بەمەبەستى زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان کراون، بە هاوکاریی پسپۆڕان و شارەزایان لە بەشە جیاجیاکانی سیستەمەکە، وۆرکشۆپی "گازی شل لەپێناو خۆشگوزەرانی و ڕێکارەکانی خۆپاراستن" لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى بەڕێوەچو.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە بارەی وۆرکشۆپەکە دەڵێت، وۆرکشۆپەکە بە چاودێریی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبونى د. هۆشیار عه‌بدوڵا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچو و دو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
نابێت گرنگیی غازی شلمان لەبیرچێتەوە، بەڵکو کارە دروستەکە ئەوەیە بە دروستی و زانستی بەکاربێت
ئەوەشی خستوەتەڕو، لەو وۆرکشۆپەدا ڕاگری كۆلێجی ته‌كنیكیی ئه‌ندازیاریی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، د.هۆشیار عه‌بدوڵا عه‌زیز، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی، باسیان لە گرنگیی ئەو بابەتە و مەترسییەکانی و لێکۆڵینەوەی زانستیی زانکۆکان کرد بە مەبەستی ڕێگری‌کردن لەو ڕوداوانەی بە هۆی سیستەمی غازەوە ڕودەدەن. جەختیانکردەوە کە لەگەڵ ئەوەشدا "نابێت گرنگیی غازی شلمان لەبیرچێتەوە، بەڵکو کارە دروستەکە ئەوەیە بە دروستی و زانستی بەکاربێت."
ڕێکخەرانى وۆرکشۆپەکەى ڕاسپارد له‌ڕێی خۆیانه‌وه كار له‌سه‌ر ڕاسپارده‌كان بکەن
وه‌زیری خوێندنی باڵا ڕێکخەرانى وۆرکشۆپەکەى ڕاسپارد له‌ڕێی خۆیانه‌وه كار له‌سه‌ر ڕاسپارده‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بکەن، بۆ ئەمەش هه‌مو پشتیوانییه‌كی خۆی و وه‌زاره‌تی ده‌ربڕی كه پێویست بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی زانستییانه‌ی ئه‌و گرفته.
وا بڕیارە لەماوەى کارهكانی دو ڕۆژی وۆرکشۆپهكەدا چه‌ند سیمینارێك لەبارەى ئەم پرسە پێشكه‌ش بکرێت و چارەسەرەکانی بخرێنەڕو.