بافڵ جەلال تاڵەبانی: پشتگیری لەهەر هەوڵێك دەكەین كە وڵات بەرەو دامەزراوەییبون دەبات

07:21 - 27/11/2022

1678جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق و رایگەیاند، بەگرنگی دەزانێت وەزارەتی داد رۆڵێكی كاریگەر ببینێت لە چەسپاندنی یاسا و یەكسانی كۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی هەمو گەلانی عێراق، لەو بوارەشدا یەکێتی پشتگیری لەهەر هەوڵێك دەكات كە وڵات بەرەو دامەزراوەییبون و سەروەری یاسا دەبات.

رۆڵێكی كاریگەر ببینن لە چەسپاندنی یاسا و یەكسانی كۆمەڵایەتی

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیکرد لە خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پیرۆزبایی لە خالید شوانی کرد بەبۆنەی دەستبەكاربونی وەک وەزیری دادی عێراق و ھیوای خواست پشتبەستو بە سەركەوتنەكانی رابردو، رۆڵێكی كاریگەر ببینێت لە چەسپاندنی یاسا و یەكسانی كۆمەڵایەتی، پاراستنی مافی هەمو گەلانی عێراق و خزمەتكردنی كەركوك و هەمو ناوچە دابڕێنراوەكانیتر.

چاوپۆشی لە كەس مەكەن و یاسا بخەنە خزمەت هاوڵاتییانەوە

ئەوەش هاتوە، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی تەواوی یەکێتی دوپاتکردەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و رایگەیاند، "چاوپۆشی لە كەس مەكەن و یاسا بخەنە خزمەت هاوڵاتییانەوە، پشتگیری لەهەر هەوڵێك دەكەین كە وڵات بەرەو دامەزراوەییبون و سەروەریی یاسا دەبات."

هەمو هەوڵێكمان لەپێناو پاراستنی یاسا و ژیانی هاوڵاتییان دەخەینەگەڕ

‏‎نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، لە بەرامبەردا خالید شوانی بەڵێنیدا پارێزەری یاسا و سەربەخۆیی دادگا بن و وتی، "هەمو هەوڵێكمان لەپێناو پاراستنی یاسا و ژیانی هاوڵاتییان دەخەینەگەڕ و خزمەتكاری هەمولایەك دەبین."