خهندان-
پارێزگاری خێرسن رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا هێزەکانی ڕوسیا 54 جار ناوچەی خێرسنیان بۆردومان کردوە، هاوکات ئەرکانی سوپای ئۆکرانیاش ڕایگەیاندوە، کە هێزەکانیان هەوڵەکانی ڕوسیایان بەرپەرچ داوەتەوە بۆ پێشڕەویکردن لە نزیک پێنج شوێنی نیشتەجێبون لە دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.
یارۆسلاڤ یانوشێڤیچ، پارێزگاری ناوچەی خێرسنی ئۆکرانیا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، لە ماوەی ڕۆژی ڕابردودا هێزەکانی ڕوسیا 54 جار ناوچەی خێرسنیان بۆردومانکردوە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و دو کەسیش برینداربون، لەنێویاندا منداڵێک، سهرهڕای ئهوهش ڕوسیا "بە ئەنقەست" ژێرخانی مەدەنی و هاوڵاتیانی مەدەنی کردوهتە ئامانج.
ژمارەیەک بینای نیشتەجێبون و دامەزراوەیەکی پەروەردەیی زیانیان بەرکەوتوە
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ژمارەیەک بینای نیشتەجێبون و دامەزراوەیەکی پەروەردەیی زیانیان بەرکەوتوە، هاوکات ههشت گوندی دراوسێ بۆردومانکراون.
لە نێوان 20 بۆ 25ی ئەم مانگە، لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە منداڵێکیان هەبوە
بەگوتەی هالینا لوهۆڤا، سەرۆکی ئەنجومەنی شاری خێرسن، لە نێوان 20 بۆ 25ی ئەم مانگە، لە بۆردومانەکانی ڕوسیا کە شاری خێرسنی کردە ئامانج، لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە منداڵێکیان هەبوە، هەروەها 35 کەسیش برینداربون.
سوپای وڵاتهكه وەڵامی هەوڵەکانی پێشڕەوی هێزەکانی ڕوسیای لە نزیک پێنج شوێنی نیشتەجێبون داوەتەوە
لە لایەکی دیکەوە ئەرکانی گشتی سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاندك کە سوپای وڵاتهكه وەڵامی هەوڵەکانی پێشڕەوی هێزەکانی ڕوسیای لە نزیک پێنج شوێنی نیشتەجێبون لە ڕۆژهەڵات داوەتەوە.
ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، لە ماوەی ڕۆژی ڕابردودا هێزەکانی ئۆکرانیا هێرشەکانی ڕوسیایان لە نزیک "ستێلماخیڤکا" لە پارێزگای لوهانسک، بێلۆگۆریڤکا، مارینکا، ڤێرخنۆکامیانسک و سپێرن لە پارێزگای دۆنێتسک بەرپەرچ داوەتەوە.
ئەرکانی گشتی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکردوە، سوپای ئۆکرانیا دو ناوەندی فەرماندەیی و 11 ناوەندی ڕوسیای بۆ کەرەستەی سەربازی و کارمەندان و "شوێنێکی ستراتیژی دیکەی" سوپای ڕوسیا لە هەمان ماوەیدا هێرشی کردوەتە سەر.
لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی سەربازی لە شاری کیێڤ ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، کارەبا و ئاو و گەرمکەرەوە و خزمەتگوزاری مۆبایل "نزیکەی بە تەواوی نۆژەنکراوەتەوە" لە کیێڤی پایتەخت، دوای ئەوەی کارەکانی چاککردنەوەی تۆڕی کارەبا گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی.