خه‌ندان-
بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لهپهیامێكدا له‌باره‌ی هه‌ڵمه‌تی 16 رۆژه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد و راشیگه‌یاند، "ده‌مه‌وێت له‌م بۆنه‌یه‌دا نیگه‌رانییه‌كانم له‌به‌رامبه‌ر پێشێلكردنی مافه‌كانتان و ئه‌و توندوتیژیانه ده‌رببڕم كه به‌رامبه‌رتان ده‌كرێت، به‌بێ هیچ پاساوێك سنوره كه‌سییه‌كانتان ده‌به‌زێنرێت و ئازادییه‌كانتان به‌رته‌سك ده‌كرێنه‌وه".
بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی لهپهیامێكدا بڵاویكرده‌وه، "هه‌ڵمه‌تی 16 رۆژه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ رێزگرتنی خه‌باتی ژنان و هه‌وڵه‌كانیان له‌پێناو پاراستنی مافه‌كانی ژنان، یه‌كسانیی جێنده‌ری و نه‌هێشتنی چه‌وساندنه‌وه و جیاكاری كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌مه‌وێت له‌م بۆنه‌یه‌دا نیگه‌رانییه‌كانم له‌به‌رامبه‌ر پێشێلكردنی مافه‌كانتان و ئه‌و توندوتیژیانه ده‌رببڕم كه به‌رامبه‌رتان ده‌كرێت، به‌بێ هیچ پاساوێك سنوره كه‌سییه‌كانتان ده‌به‌زێنرێت و ئازادییه‌كانتان به‌رته‌سك ده‌كرێنه‌وه".
یه‌كێتی به هه‌مان دیدگای ئازادیخواز و سه‌رده‌میانه‌ی سه‌رۆك مامجه‌لال به‌رامبه‌ر ژنان به‌رده‌وام ده‌بێت
راشیگه‌یاندوه، "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به هه‌مان دیدگای ئازادیخواز و سه‌رده‌میانه‌ی سه‌رۆك مامجه‌لال به‌رامبه‌ر ژنان به‌رده‌وام ده‌بێت و پاڵپشت و پشتیوانتان ده‌بین، هه‌ربۆیه هه‌مو ئۆرگان و ده‌سه‌ڵاته رێكخراوهییهكانمان ده‌خه‌ینه خزمه‌ت ئه‌م ئامانجه باڵایه و بڕیار ده‌ده‌ین".
ده‌قی بڕیاره‌كان:
یه‌كه‌م: پێویسته ته‌واوی ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوكار و هه‌ماهه‌نگبن له‌پێناو به‌دیهێنانی مافه‌كانی ژنان و ره‌خساندنی یه‌كسانیی جێنده‌ری له گشت دامه‌زراوه‌كاندا.
دوه‌م: ژنان هێزی به‌رده‌وام و له‌بن نه‌هاتوی یه‌كێتین و پێشڕه‌وی خه‌باتی مه‌ده‌نی و دیموكراسین، بۆیه بڕیارماندا له‌مه‌ودوا ده‌رفه‌تی زیاتر به كچان و ژنان بدرێت له كاری رێكخراوه‌یی، سه‌ركردایه‌تی و هه‌مو ئۆرگهكانی تری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و به‌شدارییه‌كی چالاكانهتریان هه‌بێت.
سێیه‌م: هه‌مو ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی پابه‌ندی یاسا به‌ركاره‌كان و راسپارده‌ی دیداری یه‌كێتی تایبه‌ت به پرسی یه‌كسانی جێنده‌ری ده‌بن و هاوكار و پشتیوانی بێمه‌رج ده‌بن له‌پێناو به‌رقه‌راربونی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا. روبه‌ڕوی هه‌مو به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه باڵایه‌ش ده‌بنه‌وه.
چواره‌م: هه‌ر هه‌ڤاڵ، كادر و ئه‌ندامێكی یه‌كێتی له هه‌ر پله و بهرپرسیارێتییهكدا بێت، توندوتیژی به‌رامبه‌ر كچان و ژنانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ئه‌نجامبدات و ده‌ست بۆ ماف و ئازادییه كه‌سییه‌كانیان ببات، روبه‌ڕوی یاسا ده‌كرێته‌وه و لێپێچینه‌وه‌ی توندی حزبی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
ئێوه‌ی ژنان و كچانی ئازا و ئازادیخواز به‌ره‌و ئامانجه باڵاكانتان هه‌نگاوبنێن
هه‌ر له‌و په‌یامه‌یدا بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ڵێت، "ئێوه‌ی ژنان و كچانی ئازا و ئازادیخواز به‌ره‌و ئامانجه باڵاكانتان هه‌نگاوبنێن و ئێمه‌ش له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانتان ده‌بین، روبه‌ڕوی هه‌مو ئه‌و جیاكاری و بیركردنه‌وانه‌ش ده‌وه‌ستینه‌وه كه ده‌بنه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئه‌م خه‌باته مه‌ده‌نی و دیموكراسییه‌دا".