جۆنسن نازناوی "هاونیشتیمانیه‌كی شه‌ره‌فمه‌ندی كیێڤ"ی پێبه‌خشرا

06:05 - 24/11/2022

1098جار خوێندراوەتەوە

یه‌كه‌مین سه‌ربدانی بۆریس جۆنسن بۆ كیێڤ-ی پایته‌خت له‌ مانگی 4ی ئه‌مساڵ

خه‌ندان-

پارێزگاری شاری كیێڤی پایته‌خت ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، وه‌ك وه‌فا و پێزانینێك بۆ پاڵپشتییه‌كانی بۆریس جۆنسن سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوتری بریتانیا بۆ وڵاته‌كه‌یان، میدالیای هاونیشتیمانییه‌كی شه‌ره‌فمه‌ندی كیێڤیان پێبه‌خشی و "ئه‌و هه‌میشه‌ كه‌سێكی باش و هاوڕێیه‌كی راسته‌قینه‌ی ئۆكرانیاییه‌كان بوه‌".

به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی Sky News، ڤێتالی كڵێچكۆ پارێزگاری شاری كیێڤ ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاندوه‌، وڵات و نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌یان له‌یاد نه‌كردوه‌ كه‌ له‌ کاتە سه‌خته‌كانی جه‌نگدا پاڵپشت و هاوكاریان بون.

بۆریس جۆنسن كه‌سێكی باش و هاوڕێیه‌كی راسته‌قینه‌ی ئۆكرانیاییه‌كان بوه‌
وتیشی، "بۆریس جۆنسن هه‌میشه‌ كه‌سێكی باش و هاوڕێیه‌كی راسته‌قینه‌ی ئۆكرانیاییه‌كان بوه‌، ئێمه‌ هیچكات هاوكارییه‌ سه‌ربازی و مرۆییه‌كانی بریتانیا به‌ڕابه‌رایه‌تی ئه‌و له‌ بیر ناكه‌ین".
بۆریس جۆنسن چی پێبكرێت به‌رامبه‌ر ئۆكرانییه‌كان درێغی ناكات
پارێزگاری شاری كیێڤ ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "من له‌وه‌ زۆر دڵنیام كه‌ بۆریس جۆنسن هه‌م له‌ ئێستادا و هه‌م له‌ داهاتوشدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ته‌واوی هه‌وڵی خۆی ده‌دات له‌ پێناو ئه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا و بریتانیای مه‌زن له‌ ناردنی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان و پاڵپشتیكردن له‌ ئۆكرانیا ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بن".
ئێمه‌ له‌ كیێڤ ته‌واوی هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێزتان له‌یاد ناكه‌ین
پارێزگاری كیێڤ لەپەیامێكیشدا بۆ بۆریس جۆنسن دەڵێت، "سوپاس بۆ ئه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ كیێڤ ته‌واوی هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێزتان له‌یاد ناكه‌ین و ئه‌مڕۆ لێره‌وه‌ میدالیای هاونیشتیمانییه‌كی شه‌ره‌فمه‌ندی كیێڤ-ت پێده‌به‌خشین".

بۆریس جۆنسن سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوتری بریتانیا، وه‌ك یه‌كه‌مین رابه‌ر و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی نێو وڵاتانی زلهێز له‌ پاش ده‌ستپێكی جه‌نگه‌وه‌ سه‌ردانی كیێڤی پایته‌ختی كرد و پاڵپشتییه‌ سه‌ربازیی و مرۆییه‌كانی بۆ ئۆكرانیا و به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ دوپاتكرده‌وه‌.