مامۆستایانی ناڕازی واده‌ی بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندنیان راگه‌یاند

04:21 - 24/11/2022

3269جار خوێندراوەتەوە

وێنە: ئەرشیف

خه‌ندان-

مامۆستایانی ناڕازی له‌به‌رامبه‌ر پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی مه‌رجدار له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ خۆپیشاندان و رێپێوان ئه‌نجامده‌ده‌ن و راشیده‌گه‌یه‌نن، له‌ڕۆژی شه‌ممه‌وه‌ بایكۆتی پرۆسه‌ی خوێندن له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی ده‌كه‌ن.

مامۆستایانی ناڕازی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویانكرده‌وه‌، "له‌كاتێكدا مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی كه‌رته‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌چاوه‌ڕوانی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌كانیان بون كه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ و به‌بڕیارێكی نایاسایی وه‌ستێندراوه‌، كه‌چی ده‌یانه‌وێت جارێكی تر نایاسایی میزاجیانه‌ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی مه‌رجدار ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی به‌ناوی سته‌می پاشه‌كه‌وت و لێبڕین و فرتوفێڵی تره‌وه‌ چه‌ندین موچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران كه‌وتۆته‌ لای كابینه‌ی هه‌شته‌م و نۆیه‌می هه‌رێم، ئێمه‌ش به‌چه‌ندین رێگه‌ی جیاواز داوای مافه‌كانمان كردوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات هیچ گوێی له‌هاوڵاتیانی خۆی نه‌گرتوه‌".

بێده‌نگی زیاتر سته‌می زیاتر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت

ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردوه‌، "بێده‌نگی زیاتر سته‌می زیاتر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت بۆیه‌ بڕیارمانداوه‌ كاتژمێر 10:00ی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ خۆپیشاندان و رێپێوانی فراوان ئه‌نجامبده‌ین، هه‌مان رۆژیش بایكۆتی ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌كه‌ین و له‌بری چون بۆ قوتابخانه‌ رۆژێك ته‌رخانده‌كه‌ین بۆ داوا ره‌واكانمان".

به‌شداربن له‌هه‌ڵوێست و ناڕه‌زایه‌تی رۆژی شه‌ممه‌دا

مامۆستایانی ناڕازی داواشیان له‌سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان به‌تایبه‌ت فه‌رمانبه‌ران كردوه‌ كه‌ وه‌ستانی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر قوتی منداڵه‌كانیان داناوه‌، به‌شداربن له‌هه‌ڵوێست و ناڕه‌زایه‌تی رۆژی شه‌ممه‌دا.