بودجەی لیوا تازەکەی پێشمەرگە لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق جێگیر دەکرێت

03:48 - 24/11/2022

1999جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند، بودجەی لیوای 20ی هێزی پێشمەرگە کە تائێستا دەستبەکارنەبوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023دا جێگەی کراوەتەوە و لە سەرەتای ساڵی داهاتوەوە موچە و بودجەیان بۆ خەرج دەکرێت.

بۆ جێگیرکردنی شایستەکانی لیوای 20، سەردانی وەزیری بەرگریمان کرد

دیلان غەفور، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، "دوای هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ بەدواداچونی جێگیرکردنی شایستەکانی لیوای 20ی ھێزەکانی پێشمەرگە لەڕوی موچە، بودجەو مافەکانیان، ئەمڕۆ لەگەڵ ھەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، مەلا کەریم شکور ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، سەردانی بەڕێز وەزیری بەرگری عێراقمان کرد".

موچەو بودجەی لیوای 20ی ھێزەکانی پێشمەرگە جێگیر کراوە

ئاماژەی بەوەشکرد، فراکسیۆنی یەکێتی جەختی لەسەر چەسپاندنی شایستە داراییەکانی لیوای 20ی پێشمەرگە کردەوە و سابت محەمەد عەباسی، وەزیری بەرگری عێراقیش پێی ڕاگەیاندن کە موچەو بودجەی لیوای 20ی ھێزەکانی پێشمەرگە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023دا جێگیر کراوە.

 تەنها تەرخانکردنی بودجە و جێگیرکردنی پلەی دامەزراندنی سەربازەکان ماوە

پێشتریش سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاندبو، سەرجەم رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی تایبەت بە پێکهێنانی دو لیوای هاوبەش لەگەڵ سوپای عێراق لە وەزارەتی پێشمەرگە تەواوکراون و رەوانەی بەغدا کراون، لە بەغداش وەزارەتی بەرگری عێراق رێکارەکانی تەواو کردوە و دەستبەکاربونیان تەنها تەرخانکردنی بودجە و جێگیرکردنی پلەی دامەزراندنی سەربازەکان ماوە.

بڕیاردراوە بە گواستنەوەی راژە و میلاکاتی لیوای 20ی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق

بەگوێرەی بڕیارێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە 20ی تشرینی یەکەمی 2021 دەرچوە و واژۆی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراقی لەسەرە، هاتوە، بەگوێرەی مادەی 78  لە دەستوری عێراقی بڕیاردراوە بە گواستنەوەی راژە و میلاکاتی لیوای 20ی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق، بۆیە وەزارەتی بەرگری راسپێردراوە بە گرتنەبەری سەرجەم رێکارەکانی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەوانەش تەرخانکردنی بودجە و پلەی سەربازی بۆ ئەو پێکهاتە سەربازییە نوێیە.

لیوای 20ی پێشمەرگە لەگەڵ لیوایەکی دیکەی سوپای عێراق تەواو بەحكومەتی فیدڕاڵەوە گرێدەدرێن

هەروەک لەبڕیارەکەدا هاتوە، لیوای 20ی پێشمەرگە لەگەڵ لیوایەکی دیکەی سوپای عێراق تەواو بەحكومەتی فیدڕاڵەوە گرێدەدرێن، ئەوەش بەئامانجی پاراستنی ئاسایشی ناوچە کێشەلەسەرەکان و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی لەو ناوچانەدا.

No photo description available.

May be an image of 4 people and people standing

نیشانەکردن

پێشمەرگە