کۆبونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و کەسی یەکەمی لایەنەکان کۆتاییهات

02:42 - 24/11/2022

7895جار خوێندراوەتەوە

دیمەنی کۆبونەوەکە

خەندان-

کۆبونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرکردەی یەکەمی لایەنەکان لە هاوینەهەواری دوکان کۆتاییهات، لەکۆبونەوەکەدا دۆخی سیاسی، حکومڕانی و ئەمنی هەرێمی کوردستان تاوتوێکراوە و لایەنەکان بۆچونی خۆیان لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان خستوەتەڕو.
هەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشەکان دەخرێتەڕو
بەگوێرەی زانیارییەکانی خەندان کەمێک لەمەوبەر کۆبونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و کەسی یەکەمی لایەنەکان لە دوکان کۆتاییهات، بڕیاریشە راگەیەنراوێکی هاوبەشی لایەنەکان لەبارەی کۆبونەوەکە بڵاوبکرێتەوە کە تیایدا بۆچونی لایەنەکان لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشەکان دەخرێتەڕو.
عومەر سەید عەلی، سەڵاحەدین بەهائەدین و عەلی باپیر لەکۆبونەوەکە بەشداربون
لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا کە لەسەر بانگهێشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەڕێوەچو، هەریەک لە عومەر سەید عەلی بەسەرۆکایەتی شاندی بزوتنەوەی گۆڕان، سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، عەلی باپیر، سەرۆکی  کۆمەڵی دادگەری کوردستان، کاوە مەحمود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، سەرۆک و سکرتێری 16 حزبی دیکە بەشدارییانکرد کە بەشێکیان نوێنەری پێکهاتەکان بون.
یەکێتی لە دۆخی حکومڕانی هەرێمی کوردستان رازی نییە 
15ی ئەم مانگەش بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی لە دۆخی حکومڕانی هەرێمی کوردستان رازی نییە و داوای هاوبەشی و پێداچونەوە دەکات بە دۆخی حکومڕانیدا، لەو چوارچێوەیەشدا "ئێمە داوا دەکەین هەمو داهاتی هەرێمی کوردستان کۆبکرێتەوە و بە دادپەروەری دابەشبکرێت".
ئەوەی ئێستا هەیە جۆرێکە لە دو ئیدارەیی
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی خراپە و ناکرێت ئەم دۆخەکە بەردەوام بێت، بەجۆرێک ئێستا "لەبری حکومەت خۆمان پارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دابین دەکەین، هەمو کەسیش لەم دۆخە ناڕازییە، ئێمە داوای لامەرکەزیەتمان کردوە، نەک دو ئیدارەیی بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە جۆرێکە لە دو ئیدارەیی".
داوای یەکخستنەوەی دەروازەکان دەکەین
سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی داهاتی سلێمانیش وتی، "لەم زۆنەدا کێشەی جددیمان هەیە چونکە هەمو کەسێک دەزانێت داهاتی دەروازەکان لە سنوری سلێمانی هێندەی داهاتی سنوری دهۆک و هەولێر نابێت، هەروەها 273 کۆمپانیا لە سلێمانی مایەپوچ بون و هەمو پڕۆژەکانیش لەم سنورەدا وەستاون، بۆیە ئێمە داوا دەکەین هەمو داهاتی هەرێمی کوردستان کۆبکرێتەوە و بە دادپەروەری دابەشبکرێت، هەروەها داوای یەکخستنەوەی دەروازەکان دەکەین".