عێراق لەبەردەم هاوکێشەیەکی سەختدایە؛ دەستێوەردانی ئێران و تورکیا كابینه‌كه‌ی سودانی "شەرمەزار" دەکات

05:04 - 23/11/2022

4714جار خوێندراوەتەوە

وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان- وێنه‌: AFP

خه‌ندان-

جوڵه‌پێگردنی هێز و هێرشی ئاسمانی و موشەکی تورکیا و ئێران بۆ سەر سنورەکان لە قوڵایی خاکی عێراق بەرەو هەڵکشان دەچێت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ حكومه‌تی عێراق به‌كارهێنانی هێز له‌ خاكه‌كه‌یدا ره‌تده‌كاته‌وه‌ و به‌ پێشێلکردنی پەیماننامه‌ و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناویده‌بات، به‌ڵام چاودێران، ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانانه‌ به‌ "شەرمەزار"ی بۆ كابینه‌كه‌ی سودانی ناوده‌بن.

حکومەتی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی ئێران بۆ سەر ناوچەی کوردستانی عێراق بە توندی ره‌تكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، سه‌ركۆنه‌ی دەکات، هاوكات دوبارە هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، به‌ پێشێلکردنی پەیماننامه‌ و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوده‌بات.

نابێت خاکی عێراق ببێتە دەروازەیەک بۆ زیانگەیاندن بەهیچ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ
حکومەتی عێراق دوپاتی دەکاتەوە، کە "نابێت خاکی عێراق ببێتە دەروازەیەک بۆ زیانگەیاندن بەهیچ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ"، هەروەها ڕەتیدەکاتەوە عێراق گۆڕەپانێک بێت بۆ ململانێکان و یەکلاکردنەوەی ناكۆكی لایەنە دەرەکییەکان.

هەڵوێستی عێراق دوای ئەوە هات کە تورکیا ڕۆژی 20ی ئه‌م مانگه‌، ئۆپەراسیۆنی "شمشێری چنگ"ی لە هه‌رێمی كوردستان و سوریا دەستپێکرد، ئێرانیش لە ڕێگەی سوپای پاسدارانەوە، هێرشی موشەکی و ئاسمانی له‌ شه‌وی 20ی ئه‌م مانگه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌نجامدا.
دۆخەکە مەترسیدارە، حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی محه‌مه‌د شیاع سودانی لەبەردەم گەلی عێراقدا شه‌رمه‌زار بێت
ئیحسان شەمەری، بەڕێوەبەری سەنتەری هزری سیاسی لە بەغدا به‌ سكای نیوز-ی راگه‌یاند، "دۆخەکە مەترسیدارە و هێرشەکانی تورکیا و ئێران بە توندی بەرەو هەڵکشان دەچن، ئەمەش وایکردوە حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی محه‌مه‌د شیاع سودانی لەبەردەم گەلی عێراقدا شه‌رمه‌زار بێت، بەتایبەتی کە سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌ی پێشێل ده‌كرێت".
به‌شێك له‌ پێكهێنه‌رانی ئه‌م حكومه‌ته‌ نوێیه‌ی عێراق له‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ نزیكن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌م حكومه‌ته‌ "شه‌رمه‌زاركه‌ره‌" ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێك له‌ پێكهێنه‌رانی ئه‌م حكومه‌ته‌ نوێیه‌ی عێراق له‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ نزیكن.
ئەوەی واده‌كات توركیا و ئێران به‌رده‌وامبن له‌ هێرشه‌كانیان، لاوازی عێراق و شکستی حکومەتەکانی پێشوه‌
شەمەری باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ئەوەی واده‌كات توركیا و ئێران به‌رده‌وامبن له‌ هێرشه‌كانیان، لاوازی عێراق و شکستی حکومەتەکانی پێشوی عێراقه‌، كه‌ نه‌یانتوانی ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن كه‌ بیانون به‌ده‌ست ئێران و توركیاوه‌ بۆ هێرشكردن، ئه‌مه‌ش پاساوێك ده‌دات به‌ تاران و ئەنقەرە کە بەردەوام بن لە پێشێلکردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق".
دەبێت بەغدا بە خێرایی هەنگاو بنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم مەترسییە
بەڕێوەبەری سەنتەری هزری سیاسی لە بەغدا باسی له‌وه‌شكرد، "مەترسیدارترین پرس هەڕەشەکانی تورکیا و ئێرانە لە هێرشی زەمینی بەرفراوان بۆ سەر خاکی عێراق، هەر بۆیە دەبێت بەغدا بە خێرایی هەنگاو بنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم مەترسییە نزیکە، بەو پێیەی بەرپرسیارێتی سەرەکی لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە".
لە ئەگەری فراوانبونی هێرشی ئێران و تورکیا توڕەییەکی بەربڵاو لە عێراق سەرهەڵدەدات
له‌باره‌ی بژاردەکانی به‌رده‌م عێراق بۆ وەڵامدانەوه‌، ئه‌و شاره‌زایه‌ ده‌ڵێت، "لە ئەگەری فراوانبونی هێرشی ئێران و تورکیا لە چوارچێوەی سنوری عێراقدا، توڕەییەکی سەرتاسەری لە عێراق سەرهەڵدەدات، چونکە ئەو پرسە تەنیا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان سنوردار نییە بە بیانوی بەرەنگاربونەوەی هێزە کوردییەکان، بەڵکو زیاتر درێژدەبێتەوە بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، بۆ ئەمەش حکومەتی سودانی دەبێت پەنا بۆ كه‌ناڵی دیپلۆماسی خۆپارێزی و خێرا ببات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی فراوانبونی مەودای پەرەسەندنی هەڕەشەکانی ئێران و تورکیا".
ئەوەی رودەدات، دەرئەنجامی ئیستغلالکردنی ئەو هەلومەرجەیه‌ کە وڵاتەکە پێیدا تێدەپەڕێت
لایخۆیەوە، عەلی ئەلبەیدار، نوسەر و لێکۆڵەری عێراقی به‌ سکای نیوز-ی راگه‌یاندوه‌، "ئەوەی رودەدات، دەستدرێژیی ئێران و تورکیا بۆ سەر سەروەری عێراق، دەرئەنجامی ئیستغلالکردنی ئەو هەلومەرجەیه‌ کە وڵاتەکە پێیدا تێدەپەڕێت، توركیا و ئێران کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانیان بۆ عێراق هه‌نارده‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی فشارخستنە سەر ئۆپۆزسیۆنی ئێران و تورکیا".  
تاران و ئەنقەرە مەیلی فراوانخوازی و بەرژەوەندی تایبەتیان هەیە 
ئه‌و نوسه‌ره‌ ده‌شڵێت، "تاران و ئەنقەرە مەیلی فراوانخوازی و بەرژەوەندی تایبەتیان هەیە بۆ درێژکردنەوەی نفوزی خۆیان لە چوارچێوەی میزۆپۆتامیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی، به‌تایبه‌ت كه‌ عێراق خاكێكی به‌پیتی هه‌یه‌".

18ی ئه‌م مانگه‌، ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بە سەردانێک گەیشتوەتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوەتەوە، ئامانجی سەردانەکەش تایبەت بوە بە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە بارەگانیان لە هەرێمی کوردستانە، لەکۆبونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق هۆشداری داوە کە ئەگەر سنورەکان بەڕوی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا توند نەکرێن، ئێران هێرشی زەمینی دەکاتەسەر هەرێمی کوردستان.

نیشانەکردن

تورکیا عێراق ئێران