ئەمریکا داوا لە هاوڵاتیانی دەکات سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراق نەکەن

10:12 - 18/11/2022

45759جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژانی داهاتودا تورکیا ئۆپراسیۆنی سەربازییان تێدا ئەنجام بدات، داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات لەم کاتەدا سەردانی هەرێمی کوردستان، عێراق و باکوری سوریا نەکەن.

تورکیا ئۆپراسیۆنێکی دیکەی سەربازی لە باکوری عێراق ئەنجام دەدات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە نزیکەوە چاودێری ئەو راپۆرتە پشتڕاستکراوانە دەکات کە باس لەوە دەکەن تورکیا ئۆپراسیۆنێکی دیکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و باکوری سوریا ئەنجام دەدات.

سەردانی ناوچەکانی سنورییەکانی عێراق و سوریا مەکەن

ئەوەش هاتوە، حکومەتی ئەمریکا ئامۆژگاری هاوڵاتیانی دەکات لەم کاتەدا سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن (ناوچە سنورییەکانی عێراق و سوریا، ئەو شوێنانەی کۆبونەوەی فراوان یان خۆپیشاندانیان تێدا بەڕێوەدەچێت)، بۆ وەرگرتنی نوێترین زانیارییش چاودێری دەزگاکانی راگەیاندنی ئەو دو وڵاتە بکەن.

مەترسی تیرۆر، رفاندن و ململانێی چەکداری هەیە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، پێوەری گەشتکردن بۆ عێراق لەلایەن وەزارەتی دەرەوە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتوە و لە پلەی چواردایە، بۆیە داوا دەکەن گەشت بۆ عێراق نەکرێت بەهۆی مەترسی تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری، پێکدادانی مەدەنی و سنورداری دامەزراوە دیپلۆماسییەکانیان لەو وڵاتە، بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکا.