خه‌ندان-
شاره‌زایه‌كی بواری كه‌شناسی رایگه‌یاند، له سبه‌ینێ هه‌ینیه‌وه، شه‌پۆلێكی به‌هێزی بارانبارین باشوری عێراق و باكوری سعودیه ده‌گرێته‌وه و ئه‌گه‌ری چالاكبونی هه‌وره بروسكه‌ی به‌هێز و دروستبونی لافاویش له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌ك هه‌یه.
ئاراس جه‌بار شاره‌زای بواری كه‌شناسی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی بۆ خه‌ندان نێردراوه رایگه‌یاندوه، "له كاته جیاوازه‌كانی سبه‌ی هه‌ینی تاوه‌كو 15ی ئه‌م مانگه حاڵه‌تێكی به‌هێزی ناسه‌قامگیری كه‌شوهه‌وا ڕو له ناوچه جیاجیاكانی باكوری سعودیه و باشور و باشوری رۆژهه‌ڵاتی عێراق ده‌كات كه خۆی له‌چالاكبونی هه‌وره بروسكه‌ی به‌هێز و بارینی به‌خوڕی ته‌رزه و باراندا ده‌بینێته‌وه له‌گه‌ڵ ڕودانی لافاو له‌هه‌ندێ ناوچه‌دا".
له ماوه‌ی پێشتردا پێشبینی ده‌كرا ئاڕاسته‌ی ئه‌م شه‌پۆله به‌ره‌و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه جوڵه‌بكات
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "له‌ماوه‌ی پێشتردا پێشبینی ده‌كرا ئاڕاسته‌ی ئه‌م شه‌پۆله به‌ره‌و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه جوڵه‌بكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كاندا به ئاڕاسته‌ی باكوری سعودیه و باشوری عێراق جێگیربو".
ده‌شڵێت، "سه‌باره‌ت به بارانبارین له‌ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ری هه‌یه له 16ی ئه‌م مانگه‌وه شه‌پۆلێكی بارانبارین ده‌ستپێبكاته‌وه، به‌ڵام جێگیر نیه تا ئێستا كه ئه‌و شه‌پۆله بمێنێت یان ئاڕاسته‌كه‌ی ده‌گۆڕێت".
