خه‌ندان-
حكومه‌تی ئیتاڵیا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ئازادكردنی هاوڵاتی وڵاته‌كه‌ی له ئێران پشتڕاستكرده‌وه، كه كۆتایی مانگی (ئه‌یلول/9)ی ئه‌مساڵ له كاتی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌ستگیركرا.
نوسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی جۆرجیا مێلۆنی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا بڵاویكرده‌وه، دوای كاری چڕوپڕی دیپلۆماسی، ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ئه‌لیسیا بیپیرنۆی ته‌مه‌ن 30 ساڵانیان ئازاد كرد، له‌ئێستاشدا ئاماده‌یه بۆئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئیتاڵیا.
رێكاره‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌لیسیا بیپیرنۆ سه‌رجه‌میان جێبه‌جێكراون
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، ئه‌لیسیا پیپه‌رنۆ ته‌ندروستی باشه و رێكاره‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌شی سه‌رجه‌میان جێبه‌جێكراون.
له كۆتایی مانگی ئه‌یلولی ڕابردودا، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ده‌ستبه‌سه‌ركردنی نۆ هاوڵاتی بیانییان ڕاگه‌یاند، كه خه‌ڵكی وڵاتانی فڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵندا، پۆڵندا، سوید بون و باسیان له‌وه‌شكرد، ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیركراون به‌شدارییان له خۆپیشاندانه ئاژاوه‌گێڕیه‌كاندا كردوه، كه دوابه‌دوای بارودۆخی گیانله‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی له ئێران ده‌ستیپێكردوه.