خەندان-
حکومەتی نوێی ئیتاڵیا لەیەکەم مانگی دەستبەکاربونیدا ژمارەیەک هەنگاوی توندی دژی کۆچبەران گرتوەتەبەر لەوانەش رێگریکردن لە دابەزینی ئەو کۆچبەرانەی لەرێگەی یەخت و بەلەوە دەگەنە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە و پێداگری لەسەر گەڕانەوەیان، ئەوەش ناڕەزایی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لێکەوتوەتەوە و داوا دەکەن رۆما رەچاوی پاراستنی مافی کۆچبەران بکات.
حکومەتێکی راستی دژە کۆچبەرییە
حکومەتی ئێستای ئیتاڵیا بە حکومەتێکی راستی دژە کۆچبەری ناودەبرێت، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەش دەڵێت، حکومەتەکەی کار دەکات بۆ ئەوەی ئابوری ببوژێنێتەوە، کۆچی نایاسایی سنوردار بکات و " شکۆی وڵاتیش لە یەکێتیی ئەوروپا دەگەڕێنینەوە".
رێگری لە 250 کۆچبەر کرا کەشتییەکی کۆچبەران بەجێبهێڵن
لەماوەی چەند رۆژی رابردودا رێگری لە 250 کۆچبەر کرا کەشتییەکی کۆچبەران بەجێبهێڵن دوای ئەوەی ماوەی دو هەفتەبو داوای چونە بەندەرێکی ئیتاڵیایان دەکرد، بەڵام منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و ئەو کەسانەی کە کێشەی پزیشکییان هەبو، ڕێگەیان پێدرا لە سیسیلیا دابەزن.
روبەڕوی ئەو کۆچبەرانە دەبینەوە کە لە ئەفریقاوە دێن
کەشتیی (Humanity 1 ) یەکێک بو لەو چوار کەشتییەی کۆچبەرانیان هەڵگرتبو کە چاوەڕێی مۆڵەتی جێگیربونیان لە ئیتاڵیا دەکرد، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیتاڵیاش بەڵێنیداوە روبەڕوی ئەو کۆچبەرانە ببێتەوە کە لە باکوری ئەفریقاوە بەسەر دەریای ناوەڕاستدا بۆ وڵاتەکەی گەشت دەکەن.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە 85 هەزار کۆچبەر بە بەلەم گەیشتونەتە ئەو وڵاتە
ئیتاڵیا یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی چون بۆ ئەوروپا و بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتوەکانیش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 85 هەزار کۆچبەر بە بەلەم گەیشتونەتە ئەو وڵاتە، زۆرێک لەو کۆچبەرانەش بە بەلەمی بچوک دەگەنە سنورەکانی ئیتاڵیا و لە کاتی گەشتەکەیاندا لەلایەن کەشتییە خێرخوازییەکانەوە ڕزگار دەکرێن.
پێویستە لەلایەن ئەڵمانیاوە چاودێری بکرێن
هاوکات یەکشەممەی رابردو ڕێگە بە 144 کۆچبەر درا کە لە کەشتیی (Humanity 1) دابەزن کە کەشتیەکی ئەڵمانییە، لەم بارەیەوە بەرپرسانی رۆما دەڵێن، ئەوانەی "شایستە" نین دەبێت ئاوەکانی ئیتاڵیا بەجێبهێڵن و پێویستە لەلایەن ئەڵمانیاوە چاودێری بکرێن.
ڕێگریکردن لە کۆچبەران پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە
ئەو ڕێکخراوە خێرخوازییەش کە خاوەنی کەشتییەکەیە ڕایگەیاندوە، باری دەرونی کۆچبەران باش نییە و نیگەرانن لە پێشێلکردنی مافەکانیان، جەختیش دەکاتەوە کە ڕێگریکردن لەو کەسانەی کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە لە دابەزینی کەشتییەکە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ڕێگەیان پێنەدراوە لە بەندەرەکەدا جێگیر بن
هەروەها سێ کەشتیی دیکە کە نزیکەی 900 کەسیان هەڵگرتوە داوای چونە بەندەرێکی ئیتاڵیایان کردوە، بەڵام تا ئێستا ڕێگەیان پێنەدراوە لە بەندەرەکەدا جێگیر بن.
مافی پەنابەری بۆ ئەو کەسانە هەیە کە لە شەڕ و ململانێکان هەڵدێن
پەیوەست بەم بابەتەش جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیتاڵیا لە یەکەم وتاریدا بۆ پەرلەمانتاران پرسی کۆچبەری کردە کاری لەپشینەی حکومەتەکەی و وتی، "دەبێت واز لە ڕۆشتنی نایاسایی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بهێنین"، جەختیشی لەسەرئەوە کردەوە کە بەنیازی ئەوە نییە "مافی پەنابەری بۆ ئەو کەسانە رەتبکاتەوە کە لە شەڕ و ململانێکان هەڵدێن".
ئەوەشی خستەڕو، بەرپرسیارێتی کۆچبەرانی ناو کەشتییەکان لە ئەستۆی ئەو وڵاتەدایە کە کەشتییەکەی تێدا تۆمارکراوە، ئەگەرنا ئەوانەی کۆچبەران دەهێنن بۆ وڵاتەکەی وەک "کەشتی چەتەی دەریایی" مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.
میلۆنی یەکەم سەرۆک وەزیرانی ژنە لە مێژوی ئیتاڵیادا
21ی مانگی رابردو جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکی هاوپەیمانی "برایەتی ئیتاڵیا"، وەک یەکەم سەرۆک وەزیرانی ژن لە مێژوی ئیتاڵیادا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکەی راسپێردرا.
روبەڕوی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە بەتایبەت لە پرسی کورتهێنانی داراییدا
حکومەتە راستڕەوەکەی میلۆنی روبەڕوی ئاستەنگی گەورە بوەتەوە بەتایبەت پرسی کورتهێنانی دارایی، بەرزبونەوەی نرخی وزە لە ئیتاڵیا و شەڕی ئۆکرانیا، بۆیە وەک بەرپرسانی حکومەت دەڵێن، کابینەکەیان بەجۆرێکە کە رەنگدانەوەی پێداویستییەکانی ئێستای وڵاتە.
وەرگێڕان: حەلیمە عارف
پێداچونەوە: ڕاوێژ چۆمان
سەرچاوە: BBC